Accessibility links

هێزەکانی عێراق هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شاری موسڵ دەسـتپـێکردەوە

  • VOA News

هێزەکانی حکومەتی عێراق لە پاش چەند ڕۆژێـک لە خاوکردنەوەی پـیشڕەویـیەکەیان بۆ ناو شاری موسڵ ئەمڕۆ هەینی بە پاڵپشـتی هێزی ئاسمانی و تۆپـخانەی هاوپەیمانان هێرشێـکی گەورەیان دەسـتپـێکردەوە بۆ سەر ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی شارەکە.

موقەدەم مونتەزەر سالم فەرماندەی فوجی موسڵی هێزەکانی دژە تێرۆر بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسی گوت هێزەکانیان هێرشیان دەسـتپـێکردووە بۆ سەر گەڕەکی ئەلعەرەبچیـیە و بەم زووانە هێرشی سەر گەڕەکی کەرکوکلیش دەسـتپـێدەکەن.

ئەفسەرێـکی دیکە هەر بە پلەی موقەدەم بە ناوی عەلی حسێن فازڵ ئەویش گوتویەتی توانیویانە کۆمەڵە بیناکانی سەرەتای گەڕەکی ئەلعەرەبچیـیە لە دیوی ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە کۆنترۆڵ بکەن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە گەڕەکی کەرکوکلی زۆر نزیک کەوتوونەتەوە.

لە لایەکی دیکە ئەفسەرانی عێراقی بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە هێزەکانیان خۆیان ئامادەدەکەن بۆ هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی موسڵ لە باشوری شارەکە.

جەنەڕاڵ ثامر ئەلحوسەینی فەرماندەی هێزی تایبەتی پـۆلیس، ئاشکرای کردووە لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوو هێرشەکەیان دەسـتپـێدەکەن. هەروەها موقەدەم زیا مەزهەر لە هێزەکانی سوات گوتویەتی ئامانجیان بەشی ڕۆژئاوای ڕووباری دیجلەیە کە فڕۆکەخانەکەی لێـیە. باسی لەوەش کرد داعش فڕۆکەخانەکەی وێرانکردووە تاوەکو لە ئایندەدا سوودی لێ وەرنەگیرێت.

هاوکات کۆمپانیای ستراتفۆر بۆ زانیاری هەواڵگری چەند وێنەیەکی سەتەلایەتی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا نیشان دەدرێت داعش چاڵی قوڵیان لەسەر ڕێڕەوی فڕۆکەخانەکە هەڵکەنیوە و بیناکانیان وێرانکردووە.

XS
SM
MD
LG