Accessibility links

هاوکاتی پـێشڕەوی هێزە عێراقیـیەکان داعش هەوڵ دەدات ورەی چەکدارەکانی لە موسڵ بەرزبکاتەوە

  • VOA News

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرز دەڵێت دانیشتوانی موسڵ گوتویانە دەنگی تەقینەوەی بەهێز ڕۆژهەڵاتی موسڵی گرتووەتەوە لە پاش ئەو تۆمارە دەنگیـیەی بڵاوکراوەتەوە کە دەڵێن هی ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ڕێبەری داعشە.

یەکێک لەو دانیشتوانە گوتویەتی بەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە لە نزیک ماڵەکەیەوە چەکدارانی داعش دەیان ڕۆکێتیان گرتووەتە گەڕەکەکانی ئینتسار و قودس و سەماح، ئەمەش هاوکاتی پـێشڕەوی هێزەکانی حکومەت بەرەو ئەو گەڕەکانە.

دانیشتوانێـکی دیکە گوتویەتی لە پاش بڵاوبوونەوەی تۆمارکراوە دەنگیـیەکە چەکدارانی داعش زیاتر شەڕ دەکەن بەراورد بە چەند ڕۆژی ڕابردوو.

دانیشتوانێـکی گەڕەکی حەدباش گوتویەتی ماشێنی داعش بە جادەکاندا گەڕاون و داوایان لە چەکدارەکانیان کردووە خۆڕاگربن و بەرگری بکەن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پـێنجشەممە تۆمارکراوێـکی دەنگی بڵاوکرایەوە، گوایە دەنگی بەغدادی ڕێبەری داعشە و تیایدا بە سوونەی عەرەب دەڵێت خاکتان لە لایەن دوژمنانتانەوە داگیرکراوە، بۆیە دەبێت شەڕ بکەن. پاشان چەکدارەکانی لە شاری موسڵ هان دا پاشەکشە نەکەن و بەرگری بکەن. داواشی لێکردن خۆیان لە ناکۆکی ناوخۆیان بەدوربگرن و گوێڕایەڵی فەرمانی گەورەکانیان بن، ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ دروسـتبوونی کێشە لە نێو چەکدارەکانی پاش ئەوەی لە هەموو لایەکەوە هێرشی توندیان دەکرێتەسەر.

چاودێران دەڵێن ئەو ئامادەکاریـیە باشەی لە لایەن هێزەکانی عێراق و پـێشمەرگە و هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی کراوە بۆ ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ قورسە بۆ داعش بتوانێت موسڵ لە ژێر دەستی خۆی بهێڵێـتەوە.

بەپـێی دوایـین هەواڵ هێزەکانی عێراق هەر ئەمڕۆ توانیویانە لە قۆڵی ڕۆژهەڵاتی شارەکەوە پـێشـڕەوی زیاتر بکەن و بچنە نێو هەردوو گەڕەکی ئینتسار و کەرامە و ناوچەی گۆگجەلی بە تەواوی کۆنترۆڵ بکەن.

XS
SM
MD
LG