Accessibility links

ئەیوب رەزا: پێشمەرگە بە نانی رەق شەڕی داعش دەکات و هێزەکانی عێراقیش بە سکی تێرەوە


داعش تەنها مەترسییەکی ناوچەیی و هەنوکەیی نییە، بەڵکو بەپێی لێکۆڵینەوەو وربونەوەی شارەزایان داعش سەرباری ئەوەی مەترسییەکی ناوچەیی و جیهانییە هاوکات کۆمەڵێک قەیران و ناکۆکی زیاتری لە ناوچەکە و جیهاندا دروستکردووە، هەر لە پەلکێشکردنی ستراتیژە ترسناک و گەورەکانی وڵاتانی ناوچەکەو وڵاتانی زلهێز جیهانەوە، تا دەگاتە ناکۆکی مەزهەبی و ئاینی و ئیتنی و شارستانیش.

جەنگی جیهانی موسڵ دژی داعش و بەڕەنگاربونەوە و رزگارکردنی چەندین ناوچە لەلایەن هێزی پێشمەرگەو هێزەکانی عێراقەوە جێی بایەخ و وتووێژن، بەڵام ئایا شەڕێکی گەورەی ترسناک بەڕێوە نیە لەناو موسڵدا، ئەمانەو چەندین پرسیاری دیکە لەڕێی وتووێژێکی ئاسۆ جەبارەوە لەگەڵ رۆژنامەوانی جەنگ ئەیوب رەزا کە ئێستاکە لەگەڵ تۆڕی تەلەفزیۆنی (CNN) ی ئەمریکیدا کاردەکات وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە...

ئەیوب رەزا سەبارەت بە جیاوازی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق دەڵێت "ئەگەر بەراورد بکەین لەنێوان ئەو چەک و تەقەمەنیانەی کە پێشمەرگە هەیەتی و ئەو شەڕە مەزنەی کە دەیکات بە بەراورد لەگەڵ ئەو پێداویستی و ئەو خۆراک و خواردەمەنی و ئەو شتانەی کە حکومەتی عێراقی دەینێرێت بۆ هێزەکانی خۆی بەراورد ناکرێت؛ پێشمەرگە بە نانی رەق شەڕی تیرۆر دەکات".

ئەیوب رەزا ئاوڕ لە مرێژووی داعش دەداتەوەو دەڵێت"پاش کۆتاییهێنان بە ئاینزاکان، داعش هەستا بە بێژەنکردنی سونەکان، هەموو ئەو سونانەی کە رۆژێک لەرۆژان لەگەڵ هێزەکانی ئەمریکا یاخود لەگەڵ پۆلیسی عێراقی، یاخود لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی عێراق یا لەگەڵ هێزە کوردییەکان کاری کردبێت، یەکبەیەک ئەوانەی لە سیخوڕەکانی خۆیەوە دەستنیشان کردووەو زوربەیانی قڕکردووە".

هەروەها دەڵێت "ژیان لە سایەی داعشدا، وەک ژیانی ئەو مەڕوماڵاتە وایە کە چاوەڕێن قەسابەکە بێت و سەریان ببڕێت".

ئەیوب رەزا دەڵێت داعش خاوەنی ئامێرێکی پێشکەوتووە بۆ دۆزینەوەی ئەو کەسانەی لەگەڵ هێزەکانی عێراق و ئەمریکییەکاندا کاریان کردووە و دەڵێت"داعش پێش ئەوەی ئەو هێرشانەی دەستپێبکات لە 2003 ەوە تا ئێستاش، ئەوان ئامێرێکی ئەلیکترۆنیان داناوە کە ناوی تەواوی ئەو خەڵکانەی تیادایە کە لەدەزگاکانی دژە تیرۆر و پۆلیس و ئەمریکییەکاندا کاریان کردوەو کاردەکەن".

هەروەها دەڵێت "بۆ نمونە لەکاتی شەڕی فەلوجەدا، خێزانێک بیویستایە ئاوارە بێت و بچێتە دەرەوە بۆئەوەی لەو بۆردومانە رزگاری بێت، دەهاتن ناوی ئەو خێزان و ئافرەتەیان وەردەگرت لەگەڵ مناڵەکانیداو دەیانوت مێردەکەت ناوی چیە، ناوی مێردەکەیان دەدا لە ئامێرەکە بە کۆمپیوتەر و لەلیستەکەی خۆیان دەدا، ئەگەر ناوی تیادابویە، یان دەربکەوتایە کە ئەو رۆژێک لەڕۆژان لەگەڵ هێزە سەربازییەکانی عێراقدا کاریکردووە، نەک تەنها رێیان نەدەدا ئەو خێزانە ئاوارە بێت و بچێتە دەرەوە، بەڵکو دەیانکوشتن".

بەڵام ئەیوب دەڵێت "ئێستا داعش لەئاوابوونی خۆیدایە".

لەپرسیارێکماندا سەبارەت بە کتێبەکەی کە بە ناوی میوانداری داعش بڵاوبۆتەوە؛ لەوەڵامدا ئەیوب رەزا دەڵیت "ئەو کتێبەم باسکردنی ئەو نهێنیانەیە کە ئەوکاتە سوپای نەقشبەندی و هێزی داعش بەڕاستی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیان لەبەریەک هەڵتەکاندبوو، وەک خانەیەکی شیرپەنجە توانیان هەموو دەزگا ئەمنییەکان بەتایبەتی عێراقییەکان و سوپای عێراقیش توانیبویان دزە بکەنە ناویان و لەکاریان بخەن، وای لێهات لە موسڵ 13 هەزار پۆلیس دەستیان لەکار کێشایەوە، هەر ئەوەش بوو بووبەهۆی داڕمان"

سەبارەت بە کۆمەڵێک زانیاری نوێ کە پێیان گەیشتووە؛ ئەیوب رەزا دەڵێت "هەندێک زانیاری تایبەتمان پێگەیشتووە کە داعش ئامادەیە هێرشی کیمیایی بکات لەڕێی موشەکی مۆتۆرزو هاوەن و ئەوانی دیکەوە بەکاریبهێنن، هەروەها هەندێک باس لەوە دەکەن لەگەڵ چوونە ناوەی هێزە عێراقییەکان بۆ ناو موسڵ ؛ شەڕی تانک دەستپێدەکات".

هەروەها سەبارەت بە هێزی پێشمەرگە دەڵێت "پێشمەرگە بە نانی رەق و ورەیەکی پۆڵاینەوە شەڕی تیرۆر دەکات"

هاوکات دەڵێت "ئەفسانەی داعش بەرەو شکست دەڕوا".

لەڕێی ئەم بەستەرەوە دەتوانن گوێبیستی تەواوی وتووێژەکە ببن...

XS
SM
MD
LG