Accessibility links

هێزەکانی عێراق دەڵێن چوونەتە ناو چەند گەڕەکێـکی شاری موسڵەوە

  • VOA News

چەند فەرماندەیەکی لەشکری عێراق دەڵێن هێزەکانی وڵاتەکەیان ئەمڕۆ دووشەممە چوونەتە ناو چەند گەڕەکێـکی ڕۆژهەڵاتی باکوری شاری موسڵەوە، لەوانە حەی سەدام و کەرکوکلی و کەرامە.

لە لایەکی دیکە جەنەڕاڵ تاڵیب شەغاتی فەرماندەی هێزەکانی دژە تێرۆری عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی گوتی هێزەکانیان توانیویانە گوندی بەزوایا ڕزگاربکەن و ئێستا گەمارۆی گوندی گۆگجەلی نزیک شارەکەیان داوە و چەند سەد مەترێـک لە لێواری شاری موسڵەوە دورن و ڕەنگە لە چەند کاژمێری داهاتوو بچنە نێو شارەکەوە.

هەروەها دانیشتوانی شاری موسڵی دڵنیاکردەوە لەوەی هێزەکانی دژە تێرۆر ئەوپەڕی هەوڵی خۆیان دەدەن بۆ پاراستنی خەڵکی سیڤیل و جەختی لەوە کرد هێزەکانیان مەشقی تەواویان پـێکراوە لە چۆنیەتی پاراستنی خەڵکی لە میانەی شەڕی نێو شاردا.

زوویەکی ئەمڕۆش لەشکر لە بەیانـنامەیەکدا گوتی لە بەرەبەیانەوە هێزەکانی دژە تێرۆر و فیرقەی نۆی زرێـپـۆش و فیرقەی 16 ی پـیادە لە سێ قۆڵەوە پـێشـڕەوی بەرەو دیوی چەپی شارەکە دەکەن، واتە بۆ بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری دیجلە.

سەرەڕای بەرگری توندی چەکدارانی داعش، بەڵام هێزە عێراقیـیەکان لە پــێشڕەویـیان بەرەو شاری موسڵ بەردەوام بووە.

XS
SM
MD
LG