Accessibility links

حەشدی شەعبی: لەم نزیکانە لە ڕۆژئاوای موسڵەوە هێرشی خۆمان دەسـتپـێدەکەین

  • VOA News

حەشدی شەعبی دەڵێت لەم نزیکانە هێرشی خۆی بۆ سەر داعش لە ڕۆژئاوای موسڵ دەسـتپێدەکات تاوەکو یارمەتی لەشکری وڵاتەکەی بدات لەو ئۆپەراسیۆنەی لە 17 ی مانگی دەوە دەسـتپـێـکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ.

ئەحمەد ئەلئەسەدی گوتەبێژی حەشدی شەعبی لە بەرنامەیەکی کەناڵی تەلەفیزیۆنی ئەلعێراقیـیە ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی ڕەنگە چەند ڕۆژێـکی دیکە یان چەند کاژمێرێـکی تر دەسـتپـێبکات.

ئەسدی گوتی لە یەکەم ڕۆژی دەسـتپـێـکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ ڕایانگەیاندووە میحوەری ڕۆژئاوای موسڵ بە حەشدی شەعبی سـپێردراوە کە لە هەموو میحوەرەکانی دیکە گرنگتر و مەترسیدارترێکە، بەو پـێـیەی موسڵ و ڕەقـقە پـێکەوە دەبەستێـتەوە و هەروەها تاکە ڕێگەی گەیاندنی کۆمەکە بۆ داعش لە موسڵ.

پاشان گوتی هێزەکانیان لە گەیارە و ناوچەکانی باکوری ڕۆژئاوای گەیارە بڵاوبوونەتەوە و لە پـلانیاندایە ناوچەکانی حەزەر و تەل عەبتە و بەعاج و قەیرەوان و محەلەبـیە و تەلەعفەر لە دەسـتی داعش ڕزگاربکەن.

چاوەڕوان‌دەکرێت تورکیا کاردانەوەی توندی لە بەرامبەر ئەم پـلانەی حەشدی شەعبی هەبێت، بە تایبەتی لەم ناوچەیەی کە دانیشـتوانێـکی زۆری تورکمانی سووننەی لێـیە.

مەولود چاوش‌ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕۆژی چوارشەممە گوتی وڵاتەکەی ڕێوشوێنی پـێویست دەگرێتەبەر ئەگەربێت و هێرش بکرێتە سەر شارۆچکەی تەلەعفەری زۆرینە تورکمان.

ڕێکخراوی ئەمنستی لە چەند ڕاپـۆرتێـکیدا باسی لەوە کردووە حەشدی شەعبی لەو هەڵمەتانەی پێشتر ئەنجامی داون لە ناوچە جیاجیاکاندا، مافەکانی مرۆڤی بە شێوەیەکی ترسناک پـێشێلکردووە کە هەندێـکی لە ئاستی تاوانی جەنگدان.

نەتەوە یەکگرتووەکانیش لە مانگی حەوت گوتی لیستێـکی لایە کە ناوی 640 پـیاو و نەوجەوانی سووننەی تێدایە، لەوانەی چەکدارانی شیعەی حەشدی شەعبی لە شاری فەلـلوجە دەسـتگیریانکردوون. هەروەها نزیکەی 50 کەسی دیکەیان گولـلەباران کردووە یان لە ژێر ئەشکەنجەدان کوشتویانن.

بەڵام حکومەتی عێراق و حەشدی شەعبی ئەو ڕاپـۆرتانە ڕەتدەکەنەوە و دەڵێن بەو ئاستە پـێشـێلکاری نەکراوە و لێکۆڵینەوە لەو بارەیەوە دەکەن.

XS
SM
MD
LG