Accessibility links

سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت شەڕی موسڵ لە قۆناغەکانی کۆتاییەتی


سەرۆک وەزیری عێراق دەڵێت ئەو هەڵمەتەی هێزەکانی وڵاتەکەی ئەنجامی دەدەن بۆ ڕزگارکردنی شاری موسڵ لە داعش وا لە قۆناغەکانی کۆتاییەتی.

حەیدر عەبادی شەوی سێشەممە لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی وتی چەکدارانی داعش دەکوژرێن ئەگەر خۆیان بەدەستەوە نەدەن. وتیشی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە ناوچەیەکی بچوکتر گەمارۆ دەدرێن.

بەڵێنیشی دا بە شێوەیەکی یاساییانە مامەڵە لەگەڵ ئەو چەکدارانەی داعش بکرێت کە دەستگیردەکرێن. هەروەها وتی خێزانەکانی داعشیش ئازار نادرێن و تەنها ئامانجیان تێرۆرستانی داعشە.

باسی لەوەش کرد هەفتەی داهاتوو سەردانی واشنتن دەکات و چاوی بە سەرۆکی ئەمەریکا دانوڵد ترامپ دەکەوێت.

شایەنی باسە هێزەکانی حکومەتی عێراق لە مانگی دەی ساڵی ڕابردووەوە دەسـتیان بە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ کردووە و توانیویانە داعش لە ڕۆژهەڵاتی شارەکە وەدەرنێن و لە ئێستادا لە بەشی ڕۆژئاوای شارەکە پێشڕەوی دەکەن. هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیش بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە ڕێگەی هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەوە پاڵپشتی هێزەکانی کردووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG