Accessibility links

فەرماندە باڵا كوردەكەى حەشدى شەعبى بۆ دەنگى ئەمەریكا دەدوێت


فەرماندە باڵا كوردەكەى حەشدى شەعبى، ئاشكرایكرد ئەو چەكدارانەى حەشدى شەعبى كە لە قەزاى بێجى بە توندى ڕووبەڕووى داعش بوونەتەوە ، زۆربەیان كوردى شیعە مەزهەبن.

ئەبو مونتەزر كە یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانى حەشدى شەعبى و لە بنەرەتدا خەڵكى قەزاى خانەقینە، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"ژمارەیەک فەوجى سەربە حەشدى شەعبى كە كوردن لە بێجى شەڕى داعش دەكەن و بەشێكى تریش لە كوردەكان لە پارێزگاى ئەنبار جێگیركراون."

وتیشى"ژمارەیەكى زۆر چەكدارى كوردى حەشدى شەعبى لەشەردا گیانیان لەدەستداوە ، كە 17 چەكداریان خانەقینین و چوار رۆژ لەمەوبەریش چەكدارێكى ترى كورد گیانى لەدەستدا."

ئەبو مونتەزر ، ڕوونیشیكردەوە لە ناوچە كوردستانیەكانى پارێزگاى دیالە ئەركى پاراستنى سێ‌ ناوچە بە فەوجە كوردیەكانى حەشدى شەعبى سپێردراوە، كە بریتین لە ناوچەى ئیمام وەیس ، ناحیەى قەرەتەپە و سنوورى مەندەلى.

دەربارەى ڕۆیشتنى چەكدارى كوردى شیعە مەزهەب بۆ سوریا بۆ پاراستنى مەزارگە ، ئەبو مونتەزر وتى"كورد زۆر رۆیشتووەتە سوریا بۆ پاراستنى مەزارگە ئاینیەكان ، بەڵام ژمارەیەكى كەمیان خانەقینین ، 12 چەكدارى خانەقینیمان دیار نیە كە ڕەنگە لە سوریا بن."

ماوەیەک لەمەوبەر چەند كوردێكى تر لە ناوچە كوردستانیەكانى دیالە و ناوچەى گەرمیان بانگەشەى ناونوسكردنى گەنجانیان بۆ بوون بە چەكدار لە ڕیزەكانى حەشدى شەعبى كرد و بەرپرسانى كوردیش هۆشداریان بە گەنجانى كورد دا كە خۆیان لەو كەسانە بەدوور بگرن.

XS
SM
MD
LG