Accessibility links

گۆڕان و یەکگرتووە و کۆمەڵ لەسەر پرسی ڕیفراندۆم ڕەخنە لە هەوڵەکانی پارتی و یەکێتی دەگرن


هەریەکە لە بزوتنەوەی گۆڕان و نوێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامی هەرێمی کوردستانی عێراق ڕەخنە لە هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەگرن کە لیژنەیەکیان پێکهێناوە لەسەر پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم.

شۆڕش حاجی وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، ئەو لیژنەیە و هەوڵەکانیان حیزبین نەک نەتەوەیی.

دکتۆر موسەنا ئەمینیش کە سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستانە باس لە ڕای خۆیان دەکات و دەڵێت ئەمە بە کارێکی هەڵە دەزانن و ئەوە کاری حزب نیـیە، بەڵکو کاری هەموو هێزە نیشتمانیـیەکانی وڵاتەکەیە.

زانا ڕۆستایی پەرلەمانتاری فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستانیش قسەی حیزبەکەی و فراکسیۆنەکەی لەسەر ئەو هەوڵانەی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەخاتە ڕوو، دەڵێت هەوڵەکانی ڕیفراندۆم هەوڵی ڕاستەقینە نیـین، بەڵکو تەنها هەوڵدانێکە بۆ لەبیربردنەوەی کێشەکانی دیکەی هەرێمی کوردسـتان.

بەڵام خەسرۆ گۆران ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی ئەو حیزبە لە پەرلەمانی بەغداد قسەی خۆی هەیە. دەڵێت پارتی و یەکێتی پـێکەوە دوو لەسەر سێی دەنگەکانی کوردستانن و لە کۆی 65 ئەندامی پەرلەمانی عێراق 50 ئەندامی پارتی و یەکێتین و 15 کەی دیکەی هی لایەنەکانی دیکەیە. بۆ ئەو شاندە شەرعیەتی هەیە و نوێنەرایەتی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان دەکات.

هەفتەی ڕابردوو وەفدێکی هاوبەشی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان سەردانی بەغدادیان کرد و ڕایانگەیاند کە بۆ پرسی ناڕەزایی و گرژییەکان دژ بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هاتونەتە بەغداد، بەڵام هیچ پەرلەمانتارێکی کورد لەناو وفدەکە و کۆبونەوەکانیاندا نەبوون.

پێکهاتەی وەفدەکە و کۆنەبونەوەی لەگەڵ پەرلەمانتارە کوردەکان بۆتە جێگەی ڕەخنە لای لایەنەکانی دیکە، هەرچەندە لەکاتی سەردانی وەفدە هاوبەشەکەدا پەرلەمانتار و نوێنەرە کوردەکان لە پشوودا بوون و لەهەرێمی کوردستان بون نەک بەغداد.

تەنانەت خودی خەسرۆ گۆران ئەندامی سەرکردایەتی و پەرلەمانتاری ئەو حیزبەش تاڕادەیەک هەمان بۆچونی هەیە بەڵام ئەو بەجیاوازتر هۆکارەکەی باس دەکات.

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو کاوە محەمەد سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە میانی وتووێژێکدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمریکا وتی بەپـێی زانیارییەکانی ئێمە وەفدە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی پاشەکشەیان لە بابەتی هەڵکردنی ئاڵا لە کەرکوک کردوو. بەوتەی کاوە محەمەد زانیارییەکان هی لایەنە عیراقیەکانن لە بەغداد بەڵام خەسرۆ گۆران ئەو وتانە ڕەت دەکاتەوە.

جێی باسە هەفتەی ڕابردوو دوای کۆبونەوەی هاوبەشی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەفدێکی هاوبەش پێکهێنرا لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و هەفتەی ڕابردوو وەفدەکە سەردانی لایەنە کوردستانیەکان جگە لە بزوتنەوەی گۆڕان کە خۆی ڕەتی کردوە کرد و دواتریش سەردانی بەغدادیان کرد، دوێنێش یەکشەمە لەگەڵ نوێنەر و کونسڵی چەند وڵاتێک لە شاری هەولێر کۆبونەوە و ئەمڕۆش وەفدەکە لەگەڵ یازدە حیزبی تورکمانی و مەسیحی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم کۆبوونەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:05:44 0:00

XS
SM
MD
LG