Accessibility links

كورد و شیعە بە چاودێرى مەرجەعیەت دەیانەوێت دۆخى خورماتو هێور بكەنەوە


سەردانەكەى چەند ڕۆژى رابردووى نوێنەرى مەرجەعى باڵاى شیعەكانى عێراق بۆ قەزاى خورماتو لەسەر داواى كورد بووە، بەو پـێـیەى كورد پێیوایە توركمانە شیعەكانى ئەو قەزایە زانیارى هەڵەیان لەسەر كێشە و ئاڵۆزیەكانى ناوچەكە بە مەرجەعیەت داوە.

وەفدەكەى مەرجەعیەتى باڵاى شیعەكان كەلەلایەن شێخ ئیبراهیم فەهمیەوە سەرپەرشتى دەكرا ، دواى كۆبونەوەیان لەگەڵ لایەنى كوردى و توركمانى و كەسایەتیەكانى قەزاكە، رێكەوتن لەسەر پێكهێنانى لیژنەیەكى 16 كەسى لەهەردوولا و رۆیشتنى لیژنەكە بۆ نەجەف تا لەوێ‌ رێكەوتن بكەن لەسەر كۆتایى هێنان بەگرژیەكانى نێوانیان.

كەریم شكور بەرپرسى مەڵبەندى خورماتوى یەكێتى و ئەندامى وەفدەكە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"تا ئێستا لیژنە هاوبەشەكە پێكنەهێنراوە كە بەئامادەبوونى نوێنەرى مەرجەعیەت بریارى لەسەر درا."

وتیشى"شیعەكان ناو خۆیاندا هاوڕا نین و ئەوەش بووەتە لەمپەر لەبەردەم پێكهێنانى لیژنەكەدا."

پێش سەردانى نوێنەرى مەرجەعیەت بۆ خورماتوو ، وەفدێكى كوردى سەردانى شارى نەجەفیان كردووە و لەگەڵ نوێنەرانى مەرجەعیەتدا گفتووگۆیان كردووە و بۆیان روونكردوونەتەوە كە كێشەكانى خورماتوو دەرئەنجامى هەڵەى حەشدى شەعبى یە نەك كورد.

محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتوو، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لە كاتى ئاڵۆزیەكانى ساڵى رابردووى نێوان كورد و شیعەدا لە خورماتو، لایەنى شیعى تەرمەكانیان بردووە بۆ نەجەف و لەوێ‌ ناشتویانن."

وتیشى"شیعەكانى خورماتوو مەرجەعیەتیان وا تێگەیاندووە گوایە كورد لەخورماتو شیعەى كوشت و بـڕكردووە، بۆیە وەفدى كوردیش سەردانى نەجەفیان كرد و راستیەكانیان بۆ روونكردنەوە، دواجار مەرجەعیەتیش بریارى ناردنى ئەو لیژنەیەى بۆ خورماتودا ."

دەنگى ئەمەریكا پەیوەندى بە عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبیەوە كرد لەبارەى پێكهێنانى لیژنە بۆ هێوركردنەوەى دۆخى خورماتوو، بەڵام ئامادەنەبوو لێدوان بدات.

XS
SM
MD
LG