Accessibility links

کورد لە کەرکوک داواى هەڵبژاردن دەکات و عەرەب و تورکمانیش تێبینیان هەیە


لایەنى کوردى مەترسى دواخستنى هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوکى هەیە ، لەکاتێکدا حکومەتى عێراقى رۆژى 16 ى ئەیلولى ئەمساڵى دیاریکردووە بۆ ئەوەى هەڵبژاردنى پارێزگاکانى عێراقى تێدا ئەنجام بدرێت.

جوان حەسەن ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دواخستنى هەڵبژاردن لە کەرکوک قەبوڵ ناکرێت و پیشێلکردنى مافى کەرکوکیەکانە."

لەماوەى 14 ساڵى رابردوودا تەنها یەکجار و لەساڵى 2005 هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک کراوە ، بەڵام لەوکاتەوە تائێستا حکومەتى عێراقى تایبەتمەندى بە کەرکوک داوە و هەرجارەو بەپاساوێک هەڵبژاردن لەو پارێزگایە دوادەخات.

ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە 41 کورسى پێکهاتوە ، کورد خاوەنى 26 کورسى و تورکمان 9 کورسى و عەرەبى سونەش بەو پێیەى ساڵى 2005 بایکۆتى هەڵبژاردنى کرد تەنها خاوەنى 6 کورسى یە.

نازم کەهیە رێکخەرى پەیوەندیەکانى نێوان کورد و تورکمانى شیعە لە کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد ژمارەى تورکمان لە کەرکوک زۆر کەمترە بەراورد بەو 9 کورسیەى کە لەنێو ئەنجومەندا هەیەتى ، وتى"تورکمانى شیعە ترسیان هەیە لەوەى لەهەڵبژاردن زەرەرمەند بن و ژمارەى کورسیەکانیان کەم بکات."

پاساوى عەرەبى سونە بۆ رەتکردنەوەى هەڵبژاردن ئاوارەبوونى دەنگدەرەکانیان و چۆڵبونى ناوچەکانیانە، بەڵام تورکمانى شیعە داواى رێککەوتنى پێشوەخت لەسەر پۆستەکانى کەرکوک و پشت بەستن بەتۆمارەکانى پێش ساڵى 2003 دەکات بۆ هەڵبژاردن.

عەبدولباست دەروێش وتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"تائێستا هیچ بریارێکیان پێنەگەیشتوە سەبارەت بە ئەنجامدانى هەڵبژاردن لەمانگى ئەیلول ى ئەمساڵ یان ئەنجام نەدانى."

وادەى یاسایى ئەنجومەنى ئێستاى پارێزگاى کەرکوک ماوەى 8 ساڵە و لەساڵى 2009 ەوە تەواو بووە ، نەجمەدین کەریم ى پارێزگارى کەرکوکیش هەڕەشەى رێگەنەدان بەدانانى سندوقى هەڵبژاردنى لەپارێزگاکەى کرد بۆ دەنگدانى ئاوارەکان گەر هەڵبژاردنى پارێزگاى کەرکوک دوابخرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:29 0:00

XS
SM
MD
LG