Accessibility links

به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتن: سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا


شاندێـکی هەرێمی کوردسـتان بە سەرۆکایەتی مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم ڕۆژی پـێنجشەممە گەیشتنە بەغدای پایتەخت بە مەبەستی وتووێژ لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای حکومەت و حزبە سیاسیـیەکان.

لە نێو شاندەکە بەرپـرسانی باڵای یەکێتی نیشـتیمانی کوردسـتان و یەکگرتووی ئیسلامی کوردسـتان و حزبی سۆشیالست دیموکراتی کوردسـتانی تێدایە.

ئەم سەردانە لە کاتێـکدایە کە باس دەکرێت شەڕی ڕزگارکردنی شاری موسڵ لە دەسـتی داعش نزیک بووەتەوە.

ئۆفیسی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق سەبارەت بەم سەردانە بەیانـنامەیەکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نووسیویەتی سەرۆک وەزیر داوای ئاشتەوایـیەکی کۆمەڵگەیی و سیاسی لە ناو وڵاتەکە دەکات و هەموو لایەک هاوکاری بکەن بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن و ڕووبەڕووبوونەوەی کێشە ئابوریـیەکان. جەختی لەوەش کردووەتەوە کێشە هەڵپەسێراوەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردسـتان چارەسەربکرێن، بەڵام باسی لەوە کردووە سامانە سروشتیـیەکانی وڵاتەکە لە نەوت و گاز مۆڵکی هەموو عێراقیـیەکانن.

هەروەها نووسیویەتی سەرۆکی هەرێم پشـتیوانی خۆی دەربڕیوە بۆ عەبادی و حکومەتەکەی و هاوکاری بکرێت بۆ نەهێشتنی گیروگرفتەکانی بەرەو ڕووی حکومەت بوونەتەوە، لەوانە قەیرانی دارایی و مەسەلەی ئاوارەکان.

پـرسیار لێرەدا ئەوەیە، بۆچی لە ئێسـتادا ئەم شاندە باڵایەی هەرێم سەردانی بەغدا دەکات؟ ئایا تەنها بۆ تاووتوێکردنی شەڕی موسڵە؟ ئەگەر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدایە، بۆچی ساڵێـک لەمەوبەر ئەم هەوڵە نەدرا؟

ئایا لەم سەردانە باسی هەوڵی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کراوە؟

ئه‌مه‌ بابه‌تی به‌رنامه‌ی هه‌له‌و واشنتنی ئه‌م هه‌ینیـیه‌ بوو که‌ حه‌یده‌ر که‌ریم له‌ به‌شی کوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا به‌ڕێوه‌ی برد و میوانه‌کان ئه‌م به‌ڕێزانه‌ بوون:
فازڵ بەشارتی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردسـتان.
سەلیم کۆیی، ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردسـتان.

please wait

No media source currently available

0:00 0:25:21 0:00

XS
SM
MD
LG