Accessibility links

پـێشمەرگە لێدانى خەندەقى بە دەوروبەرى هەرێم دەستپێكردەوە


دواى راگرتنى هەڵكەندنى خەندەق بۆ ماوەى چەند مانگێك لەلایەن وەزارەتى پێشمەرگەوە و بەهۆى قەیرانى داراییەوە، هێزى پێشمەرگە هەڵكەندنى خەندەقى بەدەوروبەرى هەرێمى كوردستاندا و لەناوچە جێناكۆكەكان دەستپێكردەوە.

لیوا عەبدولرەحمان موسڵیح فەرماندەى لیواى پێشمەرگە لە پارێزگاى سەڵاحەدین ، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"پێشمەرگە هەڵكەندنى خەندەقى دەستپێكردوەتەوە و لەئێستادا پێشمەرگە بەردەوامە لە لێدانى خەندەق لەدەوروبەرى سەنگەرەكانى."

بەپێى زانیاریەكانى دەنگى ئەمەریكا، ماوەى سێ‌ رۆژە لەناوچە كوردستانیەكانى پارێزگاى سەڵاحەدین پێشمەرگە بەدرێژایى چەند كیلۆمەترێك خەندەقى هەڵكەندوە ، ئەوەش لەكاتێكدایە هێزەكانى حەشدى شەعبى لەو ناوچەیە بوونیان هەیە.

محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتو، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لەو ناوچەیەى پێشمەرگە خەندەق لێدەدات هێزەكانى حەشدى شەعبى لێ‌ نیە، بەڵام رەنگە لەداهاتودا هەڵكەندنى خەندەق گرفتى لێبكەوێتەوە كاتێك دەگاتە باشورى خورماتو كە هێزەكانى حەشدى تێدایە."

پێشتر هەڵكەندنى خەندەق لەلایەن حكومەتى هەرێمەوە نارەزایەتى حكومەتى عێراقى بەدواى خۆیدا هێنا ، بە تایبەت كە بەرپرسانى لایەنە شیعیەكان پێیانوابوو هەڵكەندنى خەندەق دیارى كردنى سنورى كوردستانە و پێشمەرگەش ئامانج لە هەڵكەندنى خەندەقى بۆ توندوتۆڵكردنى سەنگەرەكانى گێڕابویەوە.

XS
SM
MD
LG