Accessibility links

بەڕێوەبەرى پۆلیسى داقوق لە بارەى هۆكارى دەست بەسەركردنى لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە دەدوێت


بەڕێوەبەرى پۆلیسى قەزاى داقوق كە ئەفسەرێكى باڵاى كوردە لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى حكومەتى عێراقەوە دەست بەسەر دەكرێت، بەتۆمەتى ئەوەى ڕێگرى لە رۆیشتنى بەڕێوەبەرى هەواڵگیرى كەركوک كردووە بۆ بەغدا.

عەمید كاوە غەریب كە ئێستا لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق دەست بەسەرە، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"عەمید تۆرهان ى بەڕێوەبەرى هەواڵگیرى كەركوک تۆمەتبارە بە كوشتنى گەنجێكى كورد و ویستویەتى بەرەو بەغدا هەڵبێت، بۆیە لەسەر فەرمانى پارێزگارى كەركوک ڕێگریم لە هەڵاتنى كرد و ئەویش لە وەزارەتى ناوخۆ سكاڵاى لەسەرم تۆمار كردووە."

بەڕێوەبەرى پۆلیسى داقوق ، ئاماژەى بەوە كرد لەلایەن وەزارەتى ناوخۆى عێراقەوە لێكۆڵینەوەى لەگەڵ كراوە و پێی راگەیەنراوە كە بێ‌ ڕەزامەندى وەزارەتى ناوخۆ نابێت هیچ ئەفسەرێک لەسەر فەرمانى پارێزگار دەستگیربكرێت یان لێكۆڵینەوەى لەگەڵ بكرێ‌.

بەپێى وتەى عەمید كاوە غەریب ، تا ماوەى هەفتەیەک لە وەزارەتى ناوخۆى عێراق هێڵدراوەتەوە و لە ئێستادا لە بەغدایە تا ئەو كاتەى كێشەكەى یەكلا دەبێتەوە.

دەستبەسەركردنى بەڕێوەبەرى پۆلیسى داقوق لە كاتێكدایە، پێشتریش لەسەر هەمان دۆسیە لێكۆڵینەوە لەگەڵ لیوا جەمال تاهیر بەڕێوەبەرى پۆلیسى كەركوك و جێگرەكەى كراوە.

XS
SM
MD
LG