Accessibility links

لایەنە كوردیەكان لە هەرێم ناكۆکن و لە بەغدا یەكدەنگن


نوێنەرانى لایەنە كوردیەكان لە بەغدا ، ئاماژە بەوە دەكەن لە بەغدا وەكو یەک تیم كاردەكەن و هەماهەنگى نێوانیان بەردەوامى هەیە و ڕێگەیان نەداوە ئەو ناكۆكیانەى لە هەرێمى كوردستان لەسەر پرسى سەرۆكایەتى هەرێم دروستبووە بگوێزرێتەوە بۆ بەغدا.

ئەردەڵان نورەدین ئەندامى پەرلەمانى عێراق، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"لایەنە كوردیەكان لە بەغدا یەكدەنگن و ئاڵۆزیەكانى هەرێم كاریگەرى لەسەر یەک دەنگیان دروست‌نەكردووە."

هاوكات ئەحمەد حاجى رەشید ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراكسیۆنى كۆمەڵى ئیسلامى، ئاماژەى بەوەكرد لایەنە كوردیەكان لە بەغدا لەسەر پرسە نیشتیمانیەكان هاوهەڵوێستن و وتى"دەوڵەتى یاسا لە مەسەلەى كەوتنى موسڵدا ناوى بارزانیان هێنا، بەڵام یەكێتى و گۆڕان بە هەموو هێزیانەوە بەرگریان لە بارزانى كرد."

هۆشیار عەبدوڵا سەرۆكى فراكسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق، وێراى جەختكردنەوە لەسەر یەكدەنگى لایەنە كوردیەكان، بەڵام رەتیكردەوە لە مەسەلەى كەوتنى موسڵدا ئەوان و یەكێتى پشتیوانى بارزانى یان كردبێت و بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"داكۆكیمان لە بارزانى نەكرد و بە شێوەى سلبیش قسەمان لەسەر نەكرد."

هاوكات نەجیبە نەجیب ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراكسیۆنى پارتى، بە پێویستى دەزانێت لایەنەكان لە بەغدا داكۆكى لە بەرپرسە باڵاكانى هەرێم بكەن و دەڵێت"كاتى خۆى كاتێک لە بەغدا قسە لەسەر مام جەلال كرا، ئێمە وەكو فراكسیۆنى پارتى هاتینە دەنگ بۆیە دەبێت لایەنەكانى تریش هەمان هەڵوێستیان هەبێت."

جەختكردنەوەى فراكسیۆنە كوردیەكانى بەغدا لەسەر یەكدەنگیان، لە كاتێكدا ململانێى نێوان لایەنەكان لە هەرێم لەسەر پرسى سەرۆكایەتى هەرێم گەیشتوەتە ترۆپک.

please wait

No media source currently available

0:00 0:03:46 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG