وتەبێژى حەشدى شەعبى لە قەزاى خورماتوو ، دەستگیركردن و فشارخستنە سەر عەرەبى سونە بۆ بەجێهێشتنى گەڕەكە توركمانە شیعە نیشینەكان رەتدەكاتەوە، ئەوەش لەكاتێكدایە بەرپرسانى كورد دەڵێن شیعەكان عەرەبى سونە دەرفێنن و لە گەڕەكەكانیشیان دەریان دەكەن.
محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى قەزاى خورماتوو، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"فشار خستنە سەر عەرەبى سونە بۆ بەجێهێشتنى گەڕەكە شیعەكان هەیە ، بەڵام فشارەكان لەلایەن هێزە شیعیە رەسمیەكانەوە ئەنجام نەدراون بەڵكوخەڵكى تایەفى بەو كارانە هەستاون."
دواى گرژیەكانى مانگى رابردووى نێوان حەشدى شەعبى و پێشمەرگە لەخورماتوو، هێزێكى هاوبەشى پێشمەرگە و حەشد لەدەرەوەى قەزاكەوە براوەتە نێو خورماتوو بۆ كۆنترۆڵكردنەوەى دۆخەكە.
مەلا كەریم شكور بەرپرسى بازنەى حەمرین ى یەكێتى، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"هێزە هاوبەشەكە دۆخى خورماتوویان كۆنترۆڵكردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەشێوەى نهێنى دەستگیركردن و رفاندنى عەرەبى سونە لەلایەن شیعەكانەوە بەردەوامى هەیە."
لەبەرانبەردا عەلى حوسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى لەقەزاى خورماتوو ، ئەو تۆمەتانەى رەتكردەوە كە ئاراستەیان دەكرێت، وتى"بارودۆخى شارى خورماتوو ئارامە ، هیچ شتێك لە گۆڕێ نیە و ئەو قسانەى دەكرێن پڕوپاگەندەن."
لە ئێستادا خورماتوو بەسەر بەرەى كورد و شیعەدا دابەشبووە، بەشى خۆرهەڵاتى شارەكە كە لەگەڕەكە شیعەنیشینەكان پێكدێت حەشدى شەعبى تێیدا باڵادەستە، بەڵام بەشى خۆرئاواى شارەكە لە ژێر كۆنترۆڵى هێزى پێشمەرگەدایە.