Accessibility links

وەزارەتی نەوتی عێراق: هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردسـتان بۆ بەندەری جیهان ڕاگیرا


وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت هەناردەی نەوتی بۆ بەندری جیهانی تورکیا بە شێوەیەکی کۆتایی ڕاگیراوە، پاش ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردسـتان پابەندی ئەو ڕێکەوتنەی نەبووە کە لەگەڵ بەغدادا مۆری کردبوو.

عاسم جیهاد گوتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق لە وتووێژێـکدا لەگەڵ ڕادیۆی سەوا گوتی ئەم بڕیارە دراوە پاش ئەوەی هەرێمی کوردستان لە مانگی ڕابردوو و مانگەکانی پـێشـتریش پابەند نەوبوو بە هەناردەکردنی 550 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێـکدا، بەمەش وەزارەتی نەوت زیانی پـێگەیشتووە.

بەڵام سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردسـتان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای گوت تەنها ئەو بڕەی حکومەتی ناوەند لە نەوتی کۆمپانیای (نفط الشمال) ی کەرکوک ڕاگیراوە کە لە نێوان 140 هەتا 150 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێـکدا.

هەروەها عاسم جیهاد گوتی وەزارەتی نەوتی عێراق لە ماوەی مانگی دە لە ڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە زیاتر لە 83 ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە کردووە و بەمەش زیاتر لە 3 ملیار دۆلار داهاتی هەبووە. ئاماژە بۆ ئەوەش کرد هەموو ئەو بڕە نەوتە لە بەندەرەکانی بەسرەوە هەناردەکراون.

XS
SM
MD
LG