Accessibility links

هێزە تایبەتیەکەى سەربە مەرجەعیەتى شیعەکان لە خورماتو کشایەوە


ئەو هێزەى کە ساڵى ڕابردوو لەلایەن مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکانى عێراقەوە ڕەوانەى قەزاى خورماتو کرا ، بۆ ڕێگرتن لە سەرهەڵدانى گرژى لە نێوان کورد و تورکمانى شیعەدا لەو قەزایە کشایەوە.

محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتو، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو هێزەى سەربە مەرجەعیەت ڕۆڵێکى باشى هەبوو لە هێورکردنەوەى دۆخى خورماتو و رێگرتن لە سەرهەڵدانەوەى شەڕ لە نێوان کورد و تورکمانى شیعەدا."

وتیشى"کشانەوەى هێزەکە دیسانەوە مەترسى سەرهەڵدانەوەى گرژى دروستکردووە."

کشانەوەى هێزەکەى سەربە مەرجەعیەتى شیعەکانى عێراق ، لە کاتێکدایە شەڕى موسڵ لە کۆتایى نزیکبووەتەوە و چاودێرانیش مەترسى سەرهەڵدانێکى شەڕێکى نوێ‌ لە نێوان کورد و شیعەدا دەخەنەڕوو ، لەسەر هەوڵدانى ئەو دوو هێزە بۆ باڵادەست بوون بەسەر ناوچە جێناکۆکەکاندا.

عەلى حسێنى وتەبێژى حەشدى شەعبى لە بارەى کشانەوەى هێزە تایبەتیەکەى سەربە مەرجەعیەتەوە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەوڵ دەدەین لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕازى بکەین تا جارێکى تر ئەو هێزە بۆ خورماتو بگێڕنەوە."

ساڵى ڕابردوو شەڕێکى خوێناوى لە نێوان کورد و تورکمانى شیعە لە خورماتوى پارێزگاى سەڵاحەدین ڕوویداو دەیان کەس لە هەردوولا کوژران و برینداربوون ، دواتر وەفدى هەردوولاش بەجیا سەردانى مەرجەعیەتى باڵاى شیعەکانى عێراقیان کرد و یەکتریان بە هۆکارى شەڕەکە تۆمەتبار کرد، بۆیە مەرجەعیەت هێزێکى تایبەتى بۆ رێگرتن لە دروستبونى گرژى ڕەوانەى ئەو قەزایە کرد و لەدواى ناردنى ئەو هێزەوە دۆخى ئەمنى قەزاکە ڕووى لە ئارام بوونەوە کرد.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:36 0:00

XS
SM
MD
LG