Accessibility links

زانیارى لە بارەى ئەو تۆمەتبارانەی جێگرى کۆمپانیاى نەوتى باکوریان کوشت


بەرپرسانى ئەمنى شارى کەرکوک، دەڵێن بەڵگەى پێویستیان لە بارەى ناسنامەى ئەو چەکدارانەوە دەستکەوتووە، کە جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى نەوتى باکوریان تیرۆرکرد، جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە تۆمەتبارەکان سەربە دەزگایەکى فەرمى حکومەتى هەرێمن.

لیوا هەڵۆ نەجات بەرێوەبەرى ئاسایشى پارتى لە کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"هەندێک دیکۆمێنتمان لەبارەى تیرۆرکردنى محەمەد یونس ى جێگرى بەڕێوەبەرى کۆمپانیاى نەوتى باکور دەستکەوتووە، کە قابیلى نکۆڵى لێکردن نیە."

بەڕێوەبەرى ئاسایشى کەرکوکى پارتى، ئاماژەى بەوەکرد تۆمەتبارەکان ناسراونەتەوە و سەربە دەزگایەکى فەرمى حکومەتى هەرێمن، وتى"لەگەڵ پۆلیسى کەرکوک و لیژنەى وەزارەتى ناوخۆى عێراق دا پێشنیارمان کردووە تۆمەتبارەکان ڕادەستى لیژنەى لێکۆڵینەوە بکرێن."

سەبارەت بەژمارەى تۆمەتبارەکان و هەبوونى کێشەیان لەگەڵ جێگرى کۆمپانیاى نەوتى باکوردا ، لیوا هەڵۆ وتى "تۆمەتبارەکان 3 کەسن و دوانیان ناسراونەتەوە، ئینجا هیچ کێشەیەکیشیان لەگەڵیدا نەبووە."

پێشتریش حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق لەکۆنفرانسێکى رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند ئەو سێ‌ کەسەى جێگرى بەرێوەبەرى کۆمپانیاى نەوتى باکوریان کوشتووە لەپۆلیسى سلێمانى دەوام دەکەن، بەڵام پۆلیس رەتیکردەوە.

لاى خۆشیەوە ئازاد جەبارى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"تۆمەتبارەکان هیچ پەیوەندیەکیان بەحکومەتى هەرێمەوە نیە ، ئەوانەى وا دەڵێن دەیانەوێ‌ گرفت لەنێوان لایەنەکاندا دروست بکەن."

وتیشى"لە کۆبونەوەى لیژنەى باڵاى ئەمنى دا ، پارێزگار پێی وتین کە سەرەداو لەبارەى تیرۆرکردنى محەمەد یونس دەستکەوتووە و ژمارەى ئۆتۆمبیلى تاوانبارەکان لە کامێراکانى چاودێرى دەرکەوتووە."

ماوەى چەند ساڵێکە بەرپرس و کەسایەتیەکانى کەرکوک لەلایەن گروپى چەکدارى نەناسراوە تیرۆر دەکرێن ، بەڵام تا ئێستا ئەو گروپ و چەکدارانە دەستگیرنەکراون کەلە پشت تیرۆرکردنیانەوەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:52 0:00

XS
SM
MD
LG