Accessibility links

ڕێکخراوی HRW دەڵێت هێزی ئاسایشی کوردی لە کەرکوک ئاوارە تورکمانە سووننەکان دەردەکەن


ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ Human Rights Watch دەڵێت دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە شاری کەرکوک ئاوارە تورکمانە سووننەکان ناچاردەکەن شارەکە چۆڵ بکەن، بەڵام دەسەڵاتی کوردی ڕەتیدەکاتەوە کارێکی لەو جۆرە کرابێت.

ڕێکخراوەکە لە ڕاپـۆرتێـکیدا کە دوێنێ یەکشەممە بڵاویکردەوە، نووسیویەتی ئاوارە تورکمانەکان گوتویانە هێزەکانی ئاسایشی سەر بە هەرێمی کوردستان زۆر جار دەستیانگرتووە بەسەر کارتی ناسنامەکانیان و کارتی خۆراکیان و مامەڵەی خراپـیان کردوون بە ئامانجی ئەوەی ناچاریان بکەن بگەڕێنەوە بۆ گوند و شارۆچکەکانیان کە لە ئێستادا لە ژێر کۆنترۆڵی حەشدی شەعبی شیعەکاندان. هەروەها تورکمانەکان گوتویانە دەسەڵاتی کوردی پـێیوایە ئەوان پشـتیوانیان لە داعش کردبێت.

لاما فەقیهـ جێگری بەڕێوەبەری بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی ڕێکخراوی HRW لەم بارەیەوە دەڵێت هەموو عێراقیـیەک مافی خۆیەتی بە پارێزراوی بژی، وە ناچارکردنی ئاوارە تورکمانەکان لەوەی بەرەو ناوچەی مەترسیداری وڵاتەکە بڕۆن کارێکی هەڵە، بۆیە دەبێت هێزەکانی هەرێمی کوردستان وازبهێنن لە هەراسانکردنی تورکمانەکان و ناچارکردنیان لەوەی کەرکوک جێبهڵن.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا ڕەتیکردەوە جیاوازیان لە نێو ئاوارەکاندا کردبێت و دەڵێت هەموویان وەکو یەک کۆمەک و یارمەتیـیان پێشکەش دەکرێت و هەروەها بە هەمان شێوەش لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت تاوەکو دڵنیابن لەوەی کەسانی تاوانکاریان لە نێواندا نیـیە.

XS
SM
MD
LG