Accessibility links

ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک پرسى گەڕانەوەى کەرکوک بۆ سەر هەرێم تاوتوێ‌ دەکات


بڕیارە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک لە کۆبونەوەى سبەینێ سێشەممە ، جارێکى تر پرسى گەڕانەوەى کەرکوک بۆ سەر هەرێمى کوردستان بوروژێنێتەوە و داواى گرتنەبەرى رێوشوێنى پێویست لە هەرێم بکات بۆ ئەو مەبەستە.

کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند" ساڵى 2008 وەکو ئەنجومەن بڕیارى گەڕانەوەى کەرکوکمان بۆ سەر هەرێم داوە ، ئەوکات نامەکەمان ئاڕاستەى پەرلەمان و حکومەتى هەرێم کرد."

وتیشى"لە کۆبونەوەى سبەینێ‌ ى ئەنجومەن دا بڕیارەکە تازە دەکەینەوە سووربوونى خۆمان لەسەرى دوپاتدەکەینەوە."

دوو ئەندامى ئەنجومەنە پارێزگاى کەرکوک ، واژوى 22 ئەندامیان کۆکردوەتەوە بۆ ئەنجامدانى ریفراندۆم و گەڕانەوەى کەرکوک بۆ سەر هەرێم.

ئازاد جەبارى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ، ئاماژەى بەوەکرد بڕیارى ئەنجامدانى ریفراندۆم لە کەرکوک کۆ دەنگى دەوێت ، وتى"دەمانەوێت کۆدەنگى لەنێو شەقامى کەرکوک و پیاو ماقوڵان و رۆشنبیران دا دروست بکەین ، ئەگینا پێداویستیەکانى ئەنجامدانى ریفۆاندۆم ئامادەیە."

لەکۆبونەوەکەى سبەینێى ئەنجومەن دا ، بڕیارەکەى پەرلەمانى عێراقیش بۆ داگرتنى ئاڵاى کوردستان لە کەرکوک گفتووگۆى لەبارەوە دەکرێت.

محەمەد عوسمان ئەندامى پەرلەمانى عێراق ، ئاماژەى بەوەکرد سەرۆکى پەرلەمانى عێراق پاشگەز بوەتەوە لە بریارەکەى پەرلەمان بۆ داگرتنى ئاڵاى کوردستان لە کەرکوک، وتى"سەلیم جبورى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستانى لە کەرکوک و بریارەکەى پەرلەمانیشى بۆ داگرتنى ئاڵاکە بە پەلە وەسفکردووە."

وتیشى"ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک هەڵکراو بووە ئەمرى واقیع ، تازە هیچ هێزێک ناتوانێت دایگرێت."

بڕیارەکەى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک بۆ هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان کاردانەوەى لایەنە عێراقیەکان و وڵاتانى ئیقلیمى لێکەوتەوە ، چاوەروانیش دەکرێت داواکارى ئەنجومەن بۆ گێڕانەوەى کەرکوک بۆ سەر هەرێم کاردانەوەى زیاتر بەدواى خۆیدا بهێنێت.

XS
SM
MD
LG