Accessibility links

فەرماندەى میحوەرى خورماتووى پێشمەرگە نەیویستووە ئیمزا لەسەر رێككەوتنى نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى بكات


فەرماندەى میحوەرى قەزاى خورماتووى هێزى پێشمەرگە، لەبارەى رێككەوتنەكەى نێوانیان لەگەڵ حەشدى شەعبى بۆ دەنگى ئەمەریكا دەدوێت و ئاماژە بەوە دەكات لەو بڕوایەدا نیـیە كە حەشد پابەندى رێككەوتنەكە بێت.

عەبدوڵا بۆر، روونیكردەوە پێشتر چەندین جار پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لە خورماتوو رێككەوتوون، بەڵام دواتر رێكەوتنەكان پێشێلكراون و شەڕ دەستى پێكردووەتەوە ، وتى"لەسەر داواى بەرپرسانى كورد ئیمزام لەسەر رێككەوتنەكە كرد، ئەگینا ویستم كۆبوونەوەكە جێبهێڵم و ئیمزاى لەسەر نەكەم."

رۆژى چوارشەمە وەفدێكى باڵاى حەشدى شەعبى بە سەرۆكایەتى هادى عامرى و مەهدى موهەندیس گەیشتنە قەزاى خورماتوو و لەگەڵ وەفدى كورددا بە سەرۆكایەتى نەجمەدین كەریم رێكەوتنێكیان بۆ هێوركردنەوەى دۆخى خورماتوو ئیمزا كرد.

دەربارەى ناوەرۆكى رێككەوتنەكە، عەبدوڵا بۆر ئەوەى خستە ڕوو كە هێوركردنەوەى بارودۆخەكە و بردنە دەرەوەى هێزە سەربازیەكان لە خورماتوو ، لەگەڵ رادەستكردنى ئەمنیەتى قەزاكە بە پۆلیس و ئاسایشى ناوەرۆكى رێكەوتنەكە بوون.

سەربارى رێككەوتنەكە، بەپێى وتەى فەرماندەى میحوەرى خورماتووى هێزى پێشمەرگە هەریەك لە عەسایب ئەهلولحەق و حزبوڵاى شیعى پابەند نەبوونى خۆیان بە رێككەوتنەكەوە راگەیاندووە ، بەڵام هێزە شیعیەكان رایانگەیاندووە كە هەر گروپێك پێشێلكارى بكات دەستگیرى دەكەن.

هەر ئەمڕۆ هەندێک لە گروپە شیعیەكان دەستیانكرد بە كشانەوەى هێزەكانیان لە نێو قەزاى خورماتوو و چاوەڕوانیش دەكرێت هەندێک لە هێزەكانى پێشمەرگە بە تایبەت ئەو هێزەى كە بە"هێزە رەشەكە" ناسراوە قەزاكە جێبهێڵێت.

XS
SM
MD
LG