Accessibility links

خورماتوو: كورد و توركمانى شیعە نزیكەى 140 كەس لەیەكترى دەستگیردەكەن و ژمارەیەكى زۆر دوكانى یەكترى دەسوتێنن


هێزى پێشمەرگە و حەشدى شەعبى لە خورماتوو نزیكەى 140 كەسیان لەیەكترى دەستگیركردووە و وەفدێكى باڵاى حەشدیش بۆ هێوركردنەوەى دۆخەكە گەیشتە خورماتوو.

محەمەد فایەق بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتوو ، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"شەوى رابردوو توركمانە شیعەكانى سەربە حەشدى شەعبى زیاتر لە 100 دوكانى كوردیان سوتاندووە و تاڵانكردووە، بۆیە ئەمڕۆش كوردەكان ژمارەیەک دوكانى توركمانە شیعەكانیان سوتاندووە."

وتیشى"گفتووگۆ و دانوستان لە نێوان پێشمەرگە و حەشدى شەعبى بە ئامادەبوونى وەفدى ئێرانى بۆ هێوركردنەوەى دۆخەكە دەستیپێكردووە."

بەپێى وتەى بەرپرسى راگەیاندنى قایمقامیەتى خورماتوو، چەكدارانى حەشدى شەهبى نزیكەى 70 هاوڵاتى كوردیان دەستگیركردووە و كوردەكانیش لەبەرانبەردا ژمارەیەكى زۆر توركمانى شیعە مەزهەبیان گرتووە، بۆیە دواى هێوركردنەوەى دۆخەكە دیل بەدیلیان پێدەكرێت.

هاوكات حەسەن بارام جێگرى بەرپرسى بازنەى حەمرینى یەكێتى، ئۆباڵى تەقینەوەى بارودۆخەكە لە خورماتوو دەخاتە ئەستۆى چەكدارە شیعەكان و ، دەڵێت" كوردیان ئیستیفزاز كردووە."

لاى خۆشیەوە نەجات حسێن فەرماندەى چەكدارەكانى حەشدى شەعبى كەبەمەبەستى گفتووگۆكردن رۆیشتووەتە قەزاى خورماتوو، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئێمە و كورد براین، كار و كاردانەوەى چەند گەنجێك برایەتیمان تێك نادات و دۆخەكە بە گفتووگۆ هێور دەكەینەوە."

لە ئەنجامى توندوتیژیەكانى خورماتوو 4 چەكدارى حەشدى شەعبى و 3 پێشمەرگە و چەند هاوڵاتیەكى مەدەنیش گیانیان لەدەستدا.

XS
SM
MD
LG