Accessibility links

حكومەتى عێراق بەڕێوەبەرى پۆلیسى كەركوک لادەبات و موچەى 11 هەزار پۆلیسیش رادەگرێت


حكومەتى عێراق بەڕێوەبەرى پۆلیسى كەركوكى لە پۆستەكەى لابرد و ئیدارەى كەركوكیش جێبەجێكردنى بڕیارەكەى ڕەتكردووەتەوە، بۆیە حكومەتى عێراق لە بەرامبەردا موچەى 11 هەزار پۆلیسى كەركوكى راگرتووە.

ئازاد جەبارى سەرۆكى لیژنەى ئەمنى لە ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"وەزارەتى ناوخۆى عێراق موچەى ئەم مانگەى 11 هەزار پۆلیسى كەركوكى راگرتووە، بەبیانووى ئەوەى گوایە ئەو وەزارەتە لیوا جەمال تاهیرى بەڕێوەبەرى پۆلیسى كەركوكى لە پۆستەكەى لابردووە و ئیدارەى كەركوک پابەند نەبووە بە بریارەكەوە."

هاوكات لەگەڵ لابردنى لیوا جەمال تاهیردا ، وەزارەتى ناوخۆى عێراق لیوا تۆرهان عەبدولرەحمان ى جێگرى بەرێوەبەرى پۆلیسى كەركوكیشى لەپۆستەكەى لابردووە.

لیوا تۆرهان عەبدولرەحمان، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"بڕیارەكە لەسەر ئەو كێشەیە پارێزگار و وەزیرى ناوخۆى عێراق یەكترى ببینن."

لاى خۆشیەوە رێبوار تاڵەبانى سەرۆكى ئەنجومەنى پارێزگاى كەركوک، ئاماژەى بەوەكرد سەرجەم كوتلەكانى نێو ئەنجومەن دژى بڕیارەكەى وەزیرى ناوخۆى عێراقن بۆ لابردنى بەڕێوەبەرى پۆلیسى كەركوک، وتى"وەزیرى ناوخۆ هەر كێشەیەكى لەگەڵ بەڕێوەبەرى پۆلیسدا هەیە دەبێت ئێمەى لێ‌ ئاگادار بكاتەوە."

بریارەكەى وەزارەتى ناوخۆ بۆ لابردنى بەرێوەەرى پۆلیسى كەركوك، لەكاتێكدایە ناو بەناو گرژى لەنێوان حكومەتى عێراق و ئیدارەى كەركوك دا دروست دەبێت.

XS
SM
MD
LG