Accessibility links

بەسەدان ئاوارەى جەلەولا دەگەڕێنرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان


پرۆسەى ئاوەدانكردنەوەى ناحیەى جەلەولا خراوەتە قۆناغى جێبەجێكردنەوە و بڕیارە لەم هەفتەیەدا ، بەسەدان ئاوارەى ناحیەكە كە ئێستا نیشتەجێى كامپەكانى دەوروبەرى قەزاى خانەقینن بگەرێنرێنەوە سەر ماڵ و ماڵیان.

شێخ یەعقوب لهێبى بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولا بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"هەفتەى داهاتوو نزیكەى 600 خێزانى كورد و عەرەب و توركمان دەگەرێنرێنەوە جەلەولا."

لاى خۆیەوە زاهید تاهیر ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"جەلەولا بۆ ئاوەدانكردنەوە پێویستى بە هاوكارى یە ، چونكە ناحیەكە بەتەواوەتى وێرانە بووە و ئاو و كارەبا و خزمەتگوزاریە سەرەتاییەكانى بردراوە."

قۆناغى یەكەمى ئاوەدانكردنەوەى جەلەولا چەند هەفتەیەك لەمەوبەر بوو كاتێك رێگە بە دانیشتوانى گوندەكانى سەید ئەحمەد و سەید جابر درا بگەرێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان ، هەروەها لە قۆناغى دووەمدا زیاتر لەسەد ماڵى تر گێردرانەوە بۆ ناو جەلەولا.

عامر رەفعەت بەرپرسى ناوچەى جەلەولاى پارتى و ئەندامى خولى پێشووى ئەنجومەنى پارێزگاى دیالە، بەدەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"حكومەتى عێراقى فشار دروست دەكات بۆ ناردنەوەى بەرێوەبەرایەتى پۆلیسى جەلەولا ، لەكاتێكدا ئەو بەرێوەبەرایەتیە ئەجێندایەكى دژە كوردى هەیە و رێگەدان بەهاتنەوەیان دۆخى ئەمنى ناحیەكە دەخاتەوە بەردەم مەترسى."

دەزگا ئەمنیەكانى هەرێمى كوردستان، دەڵێن بەهیچ شێوەیەك رێگە بەو خێزانانە عەرەبانە نادەن بگەرێنەوە جەلەولا ، كەپشتیوانى داعشیان كردووە و دەستیان هەبووە لە تێكدانى دۆخى ئەمنى ناحیەكەدا.

XS
SM
MD
LG