Accessibility links

محەمەد رەئوف: دوای داعش ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی مەرسیدارتر هەیە


داعش تەنها مەترسییەکی ناوچەیی و هەنوکەیی نییە، بەڵکو بەپێی لێکۆڵینەوەو وربونەوەی شارەزایان داعش سەرباری ئەوەی مەترسییەکی ناوچەیی و جیهانییە هاوکات کۆمەڵێک قەیران و ناکۆکی زیاتری لە ناوچەکە و جیهاندا دروستکردووە، هەر لە پەلکێشکردنی ستراتیژە ترسناک و گەورەکانی وڵاتانی ناوچەکەو وڵاتانی زلهێز جیهانەوە، تا دەگاتە ناکۆکی مەزهەبی و ئاینی و ئیتنی و شارستانیش.

جەنگی جیهانی موسڵ دژی داعش و بۆشاییە سیاسی و ئاساییشییەکانی شارە گەورەکەی نەوت؛ کەرکوک کە گروپێکی دڕندەی داعش لەم چەند رۆژەی پێشوودا دزەیان کردە ناو شارەکەو زەرەری گیانی ماڵیان بەو ناوچەیە گەیەند، تێکڕا لەگەڵ ۆمەڵێک تەوەری دیکەدا دەبنە وتووێژی هەفتەنامەی رەهەندەکان کە ئاسۆ جەبار پێشکەشی دەکات بە میوانداری رۆژنامەنوس محەمەد رەئوف.

محەمەد رەئوف دەڵێت"دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان بەرچاوڕوونی ستراتیژیان نیە، رێکەوتنێکیان نیە، بەبێ هیچ پێشەکییەک چوونەتە ئەم شەڕەوە".

هەروەها دەڵێت "ئەو ناوچانەی کە کۆنترۆڵکراونەتەوە و لەژێر سایەی پێشمەرگەدان؛ زۆرتەین نەوتیان تیادایە، لە زومارو شەنگال و ئەو ناوچانەی بگرە تا مەخمور و تا دوس خورماتوو تا خانەقین و کەرکوک کە هەمووی چاڵەنەوت و بیرە نەوتن، بۆیە ئەمە جێی چاوتێبڕینی نەک بەغدایە زیاتر، تورکیا و ئێران و وڵاتانی زلهێزیشە".

هاوکات دەڵێت "دوای داعش ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگی دیکە هەیە".

سەبارەت بە دوای جەنگی موسڵ محەمەد رەئوف دەڵێت"لەدوای جەنگ ئەوکات ناکۆکییەکان دەستپێدەکات، ئەوکاتە سەرەتای دەستپێکردنی ناکۆکییەکانە، ئەگەر لەئێستادا بەشەڕ و خوێنڕشتن بێت؛ ئەوکاتە بە ناکۆکییە سیاسییەکان قوڵتر دەبنەوە، مەترسییەکان هیچ کەمتر نابن لەوکاتەی کە داعش مەترسی بوو".

"ئەگەری ئەوە هەیە لەدوای جەنگی داعش، تەقینەوەی جەماوەری لەهەرێمی کوردستان دروست بێت".

هەروەها سەبارەت بە قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان؛ محەمەد رەئوف دەڵێت "لەساڵی 2004 ەوە بۆ 2014 نزیکەی 119 ملیارد دۆلار لەبەغداوە هاتۆتە هەرێمی کوردستانەوە، بێجگە لە داهاتی ناوخۆ، ئەم داهاتە هەموو ساڵێک یەک تریلیۆن و 200 ملیارد دینار دەهاتە هەرێمی کوردستانەوە لەبەغداوە، ئەمان بڕیان و وتیان ئێمە لەڕێی نەوتی سەربەخۆی خۆمانەوە دەتوانین بودجەی خۆمان دابینبکەین، ئەوە ماوەی دوو ساڵە هەرێمی کوردستان خۆی نەوت دەفرۆشێت، نەک هەر پارەکەی دیار نیە، نەک موچەی پێدابین ناکرێت، بەڵکو پارەکەشی دیار نیە؛ هاوڵاتیانیش دەزانن پارە هەیە و بەڵام نادرێتە هاوڵاتیان".

لەدەرئەنجامدا محەمەد رەئوف دەڵێت "لەدوای رەواندنەوەی مەترسییەکانی داعش خەڵک لەهێز و لایەنە سیاسییەکان قبوڵناکات کە هاوڵاتیان کوردستان لەم جەهەنەمەدا بژین و بەرپرسە باڵاکانیش لەو بەهەشتەدا بژین کە خۆیان بۆخۆیان خولقاندووە".

XS
SM
MD
LG