دوێنێ سێشەممە لە ناحیەى لەیلان ى سەر بە شارى کەرکوک حەوت تەرمى نەناسراو دۆزرانەوە کە پێکەوە کوژرابوون و تائێستا ناسنامەیان ئاشکرا نەبووە ، ئەمڕۆش لەناو شارى کەرکوک تەقە لە پلەدارێکى پۆلیس کرا و گیانى لەدەستدا.
ئازاد جەبارى سەرۆکى لیژنەى ئەمنى لە ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"تەرمى ئەو حەوت کەسەى کە دۆزراونەتەوە، سوتێنرابوون."
لەماوەى ساڵانى رابردوودا چەندین تەرمى تر لە ناحیەى لەیلان دۆزراونەتەوە ، کە ئەو ناحیەیە لەژێر کۆنترۆڵى پێشمەرگە و هێزە ئەمنیە کوردیەکاندایە.
ئازاد جەبارى ، رەتیکردەوە کوژرانى ئەو کەسانە پەیوەندى بەمەسەلەى سیاسیەوە هەبێت ، ئاماژەى بەوەکرد کوژرانى ئەو کەسانە زیاتر پەیوەندى بە تۆڵەکردنەوە و لایەنى کۆمەڵایەتیەوە هەیە، وتى"کێشەکە ئەوەیە ئەو کەسانەى تەرمەکانیان دەدۆزرێتەوە ناسنامەیان ئاشکرا نابێت."
لاى خۆشیەوە عەمید سەرحەد قادر بەرێوەبەرى پۆلیسى قەزاو ناحیەکانى کەرکوک ، ئاماژەى بەوەکرد دەزگا ئەمنیەکان سەرقاڵى لێکۆڵینەوەن لەهۆکارى کوژرانى ئەو حەوت کەسە.
هەر ئەمڕۆ لەنێو شارى کەرکوکدا تەقە لە رائید یاس خزەیەر کرا و کوژرا ، ناوبراوپلەدارێکى عەرەبە و لەپۆلیسى کەرکوک دەوام دەکات .
ئازاد جەبارى ، وتى"هۆکارى بە ئامانج کردنى پلەدارانى پۆلیس ئەوەیە تا کێشە لەنێوان پێکهاتەکانى کەرکوکدا دروست بکرێت."
لەماوەى ساڵانى رابردوودا چەندین کەسایەتى و پلەدارى پۆلیس و دەزگا ئەمنیەکان لەلایەن چەکدارانى نەناسراوەوە لەنێو شارى کەرکوکدا دراونەتە بەر دەسترێژى گولە و کوژراون.