Accessibility links

ژمارەیەک منداڵى ئاوارە لە کاتى هەڵاتن لە حەویجەوە لە برسێتیدا مردوون


هەندێک لەو ئاوارانەى کە بەشێوەى قاچاخ دەیانەوێت قەزاى حەویجەى ژێر دەسەڵاتى داعش جێبهێڵن و خۆیان بگەیەننە کەرکوک لە رێگە گیان لەدەست دەدەن، بەرپرسانى کەرکوکیش دەڵێن"ژمارەیەک لەوانەى گیانیان لەدەستداوە منداڵن و بەهۆى برسێتیەوە مردوون."

جوان حەسەن ئەندامى لیژنەى مافى مرۆڤ لەئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەم ماوەیەدا 4 کەسى ترى ئاوارە لەرێگەى حەویجە و لەکاتى هەڵاتن دا بەرەو کەرکوک گیانیان لەدەستداوە، کە سیانیان بەهۆى بۆمبى چێنراو و ئەویتریان بەهۆى نەخۆشیەوە مردووە."

بەوتەى ئەندامى لیژنەى مافى مرۆڤى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ، هۆکارى هەڵکشانى رێژەى گیان لەدەستدانى ئاوارەکان پەیوەندى بەزۆرى بۆمبە چێنراوەکانى داعش و بڵاوبونەوەى نەخۆشى هەیە لەنێو حەویجەدا، وتى"زۆربەى ئەوانەى لەحەویجە هەڵدێن پێشتر خۆیان نەخۆشن، بۆیە بەرگەى ماندوو بوونى رێگە ناگرن و دەمرن."

نزیکەى 150 خێزانى عەرەب کە دوو هەفتە لەمەوبەر حەویجەیان بەجێهێشتبوو ، ماوەى دە رۆژ لەنزیک مەکتەب خالیدى کەرکوک هێڵرانەوە و رێگەیان پێنەدرا برۆنە نێو کەرکوک بەپاساوى ئەمنى، بەڵام رۆژى یەکشەمە ئیدارەى کەرکوک دەرگاى رۆیشتنە کەرکوکى بەڕوودا واڵاکردن.

نەقیب عەلى محەمەد بەرێوەبەرى ئاسایشى قەزاى دوبس ى رۆژئاواى کەرکوک، ئاماژەى بەوەکرد ئەو ئاوارانەى کە لەحەویجەوە خۆیان دەگەیەننە ساترەکانى پێشمەرگە، بە ئۆتۆمبێل ژن و منداڵەکانیان دەگەیەنرێنە کامپەکان، بەڵام پیاوەکانیان دەهێڵرێنەوە و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

ناوبراو وتیشى"هەندێک لە منداڵى ئاوارەکان لەرێگە و بەهۆى برسێتى و نەبوونى شیرەوە گیانیان لەدەستداوە."

ماوەى یەک ساڵە کۆچى بەکۆمەڵ و قاچاخى دانیشتوانى حەویجە بەرەو سنورى کەرکوک بەردەوامى هەیە، لەئێستاشدا بەرپرسانى کەرکوک پێشبینى دەکەن نزیکەى 50 هەزار هاوڵاتى سڤیل لەحەویجە مابێتنەوە و لەدۆخێکى مرۆیى خراپدا ژیان بەسەر ببەن.

XS
SM
MD
LG