نێردەى نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق رەخنەى لەهەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک گرت و ئیدارەى پارێزگاکەش سورە لەسەر بریارەکەى ، بەرەى تورکمانیش ئاڵاى خۆى لەسەر قەڵاى کەرکوک هەڵکرد.
نێردەى نەتەوە یەکگرتوەکان لەراگەیەندراوێکدا ، ئاماژەى بەهەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەسەر قەڵاى کەرکوک کردووە، هۆشدارى داوە لە تێکچوونى ئاشتەوایى و پێکەوە ژیان لەشارەکە بەهۆى گرتنەبەرى هەنگاوى تاکلایەنەوە.
رێبوار تەها یەکێک لەنوێنەرانى کەرکوک لەپەرلەمانى عێراق ، راگەیەنراوەکەى نێردەى نەتەوەیەکگرتوەکانى بەدەستوەردان لەدۆخى کەرکوک وەسفکرد ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"دەبوو یۆنامى رەچاوى دۆخى مێژویى کەرکوک و قوربانیەکانى پێشمەرگەى لەپێناو پاراستنى کەرکوک بکردایە."
وتیشى"تا ئەوکاتەى چارەنوسى ناوچە کێشە لەسەرەکان یەکلایى دەبێتەوە ، هەرێمى کوردستانیش وەکو عێراق مافى هەڵکردنى ئاڵاى لەکەرکوک هەیە."
رۆژى 20 ى ئەم مانگە و لە ئاهەنگى نەورۆزدا ، ئاڵاى کوردستان لە پاڵ ئاڵاى عێراق دا هەڵکرا ، ئەوەش لەکاتێکدایە پێشتر پارێزگارى کەرکوک بەنوسراوى رەسمى پێشنیارى هەڵکردنى ئاڵاى کوردستانى لەسەر فەرمانگە حکومیەکان بۆ ئەنجومەنى پارێزگا کردبوو.
هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان کاردانەوەى تورکیا و بەرەى تورکمانى لێکەوتەوە ، هەربۆیە بەرەى تورکمانیش لەسەر قەڵاى کەرکوک ئاڵاى خۆى هەڵکرد.
کامەران کەرکوکى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک ، نەتەوە یەکگرتوەکانى بەلایەنگیر و بەرەى تورکمانى بە ئاژاوەگێر تۆمەتبار کرد ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"بەرەى تورکمانى بەشێوەیەکى زۆر ئیستیفزازیانە مامەڵەى لەگەڵ دۆخەکەدا کردووە."
وتیشى"بەرەى تورکمانى ئاڵاى خۆى لەناو بازار و زۆر شوێن دا هەڵکردووە و لەسەر قەڵاش ئاڵایان هەڵکردووە ،کورد پێى ئاسایى بووە، بەڵام ئەوان ئاژاوەیان ناوەتەوە."
دواى راگەیەنراوەکەى نێردەى نەتەوە یەکگرتوەکان لە عێراق ، نەجمەدین کەریم پارێزگارى کەرکوک سوربوونى خۆى لەسەر هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لەکەرکوک نیشاندا.