Accessibility links

داعش دەیەوێت بەدواى دەروازیەكدا بگەڕێت بۆ ناردنى هێز لە حەویجەوە بەرەو ئەنبار


بەرپرسانى پارێزگاى كەركوک و سەڵاحەدین دەڵێن داعش دەیەوێت هێز لە موسڵ و حەویجەوە ڕەوانەى فەلـلوجە و عامریەى پارێزگاى ئەنبار بكات ، كە تێیدا شەڕى قورس لە نێوان داعش و هێزە عێراقیەكان بەردەوامە.

عەمید كاوە غەریب فەرماندەى پۆلیسى قەزاى داقوق لە باشورى كەركوک، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"داعش دەیەوێت دەروازەیەک بدۆزێتەوە و هێزە مەشقپێكراوەكانى لە حەویجەوە بەرەو فەللوجە و عامریە بجوڵێنێت."

وتیشى"ئەو هێزانەى داعش ئامادەى كردوون بەرەو ئەنباریان ببات هەموویان چەكدارى شەڕكەرن و لەو چەكدارانەن کە بە كوشتن نەبێت هیچ ناوچەیەک جێناهێڵن."

شەوى رابردوو فڕۆكە عێراقیەكان بنكە و بارەگاكانى داعشیان لە نێو قەزاى حەویجەى خۆراواى كەركوک بۆردومانكرد كە پـێدەچێت بۆردومانەكان پەیوەندى بە جم‌وجۆڵى هێزەكانى داعشەوە هەبووبێت لەو ناوچەیە.

دكتۆر ئەمین عەزیز جێگرى پێشووى پارێزگارى سەڵاحەدین ، ئاماژەى بەوەكرد تا ئێستا بیابانەكانى نێوان هەر سێ‌ پارێزگاى موسڵ و سەڵاحەدین و ئەنبار لە ژێر كۆنترۆڵى داعشدایە، وتى"حكومەتى عێراق تەنها ناو شار و قەزا و ناحیەكانى لەبن دەستى دعش دەرهێناوە، ئەگینا داعش لە بیابانەكاندان و تەنها 4 كیلۆمەتر لە تكریتەوە دوورن."

بەبڕواى حەسەن محەمەدى ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگاى سەڵاحەدین ، داعش شەڕى سەخت دەكات لە فەلـلوجە و ئەنبار، چونكە ئەو ناوچەیە پێگەى بەهێزى داعشە.

ناوبراو وتى"پێشتر فەلـلوجە ڕووبەڕووى مالیكى و ئەمەریكیەكانیش بوونەوە بۆیە داعش بە ئاسانى چۆڵى ناكات و شەڕى قورس تێیدا روو دەدات."

بەبڕواى چاودێران دەرهێنانى فەلـلوجە لە ژێر كۆنترۆڵى داعش سەرەتاى وەدەرنانى ئەو رێكخراوەیە لە عێراق ، بەو پـێـیەى فەلوجە یەكێكە لە ناوچە گرنگ و ستراتیژیەكانى ژێر كۆنترۆڵى ئەو رێكخراوە .

XS
SM
MD
LG