Accessibility links

بەسەرهاتی دەسـتگیرکراوانی نێو زیندانەکانی داعش


ئەو عێراقیـیانەی لە ئۆپەراسیۆنەکەی هەفتەی ڕابردووی هێزە تایبەتەکەی ئەمەریکا و کورد لە دەستی داعش لە نزیک حەویجە ڕزگارکران، دەڵێن زۆر بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجەیان داون و چەندان جار پـێـیان گوتوون وا دەتانکوژین.

ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردسـتانی عێراق ڕۆژی دووشەممە ڤیدیۆیەکی سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنەکە و ئازاکراوەکان بڵاوکرەوە و تیایدا 10 لەو 69 عەرەبە سوونـنەیەی ئازادکراون باسیان لە بەسەرهاتی خۆیان بە دەسـتی داعش کرد.

سەعد خەڵەف عەلی فەرەج کە پـۆلیسێـکی حەویجە بوو و لە لایەن داعشەوە دەستگیرکرابوو گوتی" جۆرها ئەشکەنجە دراوە، لەوانە بە کارەبا، کیسە لەسەرکردن، لێدان بە کێبڵ، دارکاریکردن، ئیدی جۆرها ئەشکەنجە کە ڕەنگە هیچ مرۆڤێـک نەیبینیبێت."

پاشان گوتی برایەکی کە ئەفسەر بوو، سەریان بڕیوە و لاشەکەیان داوەتەوە بەبێ سەر و بە دەسـتی خۆی لاشەکەی ناشتووە."

دواتر گوتی " شەو هاتنەوە و گوتیان تۆ و فلان و فلان ئێوە ئەو چوارکەسەتان سبەینێ لەسێدارەتان دەدەین، بۆیە وەسیەتی خۆتان بۆ کەسوکارتان بنووسن، منیش کاژمێر یەک و نیوی شەو کەوتمە وەسیەت نووسین و ڕێک کاژمێر 2 ی شەو هێزەکانی دەزگای دژە تێرۆری هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا دایان بەسەر شوێنەکەماندا و لە داعش ڕزگاریان کردین."

ڕزگارکراوێـکی دیکە بە ناوی ئەکرەم حسێن محەمەد زاهیر کە خەڵکی گوندی حەلاوەی سەر بە حەویجەیە گوتی " ڕۆژانە ئەشکەنجە دەدرام و بنی پـێم و پشـتم و سەرم بەهۆی ئەو ئەشکەنجەدانانەوە ئاوساون و تەنانەت دانێکیشیان شکاندم. دوایین شت گوتیان لەسێدارەت دەدەین و دەمانچەیان خستە سەر سەرم و گوتیان شایەتمان بهێنە."

یەکێـکی دیکەیان گوتی ناوی محەمەد عەبد ئەلجبوریـیە و خەڵکی گوندی تەل ئەلزەهبی ناحیـیەی عەباسی حەویجەیە و خاوەنی 5 منداڵە، گوتی داعش سیاسەتی بە پـرسی کردنی لەگەڵدا پـیادەکردووین و بۆ ماوەی ساڵێـک و شەش مانگ یەک فلسم نەبووە و کە چووم گوتوومە برسیمە پـێـیان گوتوم بۆ موبایەعەم ناکەیت وەر موبایەعەم بکە و بڕۆ شەڕی خەڵکی خۆت بکە و منیش 60 هەزار دینارت دەدەمێ لەگەڵ غاز و نەوت و ...هتد."

گوتی" باشە من چی بچم برای موسڵمانی خۆم بکوژم، ئەی ئەویش خێزانی نیـیە؟"

پاشان گوتی ئەوەی دوو ژنی هەبوایە ئەوا داعش ژنێـکی لێ دەستەند و دەیدا بەوانەی پە موهاجیر ناودێریان دەکەن، واتە چەکدارانی بیانی کە لە وڵاتانەوە هاتوون.

کەسێـکی دیکەیان بە ناوی ئەحمەد مەحمود مستەفا گوتی " من 5 جار دەسـتگیریان کردوومەتەوە. دەیانبردین بۆ لێکۆڵینەوە و چاو و دەسـتیان دەبەستینەوە و سەرەتا ئاویان بەسەرماندا دەکرد و ئینجا کارەبایان لێ دەداین و دەیانگوت دەبێت ئیعتراف بکەن سەر بە کێن. ئەگەر ئیعتراف نەکەیت ئەو هەر بەردەوام دەبێت لە ئەشکەنجەدانت و ئەگەر ئیعترافیشت کرد، ئەوا چارەنووست مەرگە."

گوتیشی" ئێمە دانمان بەخۆماندا دەگرت لە بەرامبەر ئەو کوشتن و ئەشکەنجەدانە. کیسیان بەسەرمانەوە دەکرد و دەیانخنکانین هەتا ئەو کاتەی لەهۆش خۆمان دەچووین و پاشان کارەبایان لێ دەداین بۆ ئەوەی هۆشمان بێتەوە. بە کارەبا یان لە مل یان لوتیان ئەداین. ئینجا سەرلەنوێ هەمان پـرسیار و هەمان ئەشکەنجەیان دووبارە دەکردەوە. ئیتر و من ئەم برایانەم هەموو جۆرێـکی ئەشکەنجەدانمان بینی. ڕۆژانە 5 یان 6 کەسیان لێ دەبردین و گوێمان لە دەنگی گولـلە دەبوو و ئەمانبیست گولـلەبارانیان کردوون.

کاربەدەسـتانی ئەمەریکا دەڵێن داعش لەوەدابووە ئەو دەسـتگیرکراوانە لەسێدارە بدات، بەڵام لەو هێرشە هاوبەشەی ئەمەریکا و پـێشمەرگە ڕزگارکران و سەربازێـکی ئەمەریکایی گیانی لەدەسـتدا.

XS
SM
MD
LG