Accessibility links

گروپێـکی سەر بە ئێران بەرپـرسیارێتی خۆی لە هێرشی سەر کەمپی موجاهیدینی خەلق لە بەغدا ڕادەگەیەنێت


ئاژانسی دەنگ‌وباسی نیمچە فەرمی (فارس) ی ئێرانی دەڵێت گروپی میلیتانانی ناسراو بە "جەیش ئەلموختار" لە عێراق بەرپـرسیارێتی خۆیان لەو هێرشە موشەکیـیەی دوێنێ پـێـنجشەممە ڕاگەیاندووە کە کرایە سەر کەمپی موجاهیدنی خەلقی ئۆپـۆزسیۆنی ئێرانی لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدای نێودەوڵەتی.

ئاژانسەکە ئەمڕۆ هەینی لە زاری واسق ئەلبەتات ڕێبەری گروپەکە بڵاویکردووەتەوە کە گوتویەتی چەندان جار موجاهیدینی خەلقیان ئاگادارکردووەتەوە عێراق جێبهێڵن، ئەگەر نا ئەوا هێرشی زیاتریان دەکەنە سەر.

جەیش ئەلموختار گروپێـکی شیعەی چەکدارە لە عێراق و ئێران پشـتگیری دەکات.

موجاهیدینی خەلق لە زاری گوتەبێژێـکیانەوە لە پاریس ڕایگەیاند بە لایەنی کەم 15 موشەک گیراوەتە کەمپی لێبریتی لە بەغدا و لە ئاکامدا 23 ئەندامیان کوژراون.

جان کێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هەر دوێنێ پـێـنجشەممە لە بەیانـنامەیەکدا هێرشەکەی شەرمەزارکرد و بە کارێـکی تێرۆرستی دڕندانەی بێ مانا و بێ پاساو ناودێرکرد. جەختی لەوەش کرد کە پەیوەندیـیان لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای عێراق کردووە بۆ دڵنیابوون لەوەی چارەسەری پـزیشکی پـێویست پـێشـکەش بە قوربانیـیەکان دەکەن. هەروەها داوای لە حکومەتی عێراق کرد زیاتر پارێزگاری لە دانیشـتوانی کەمپەکە بکەن و بەرپـرسانی هێرشەکە دادگایی بکەن.

کاربەدەسـتانی ئاسایشی عێراق دەڵێن موشەکەکان لە ناوچەی ئەلبەکریـیە گیراونەتە کەمپەکە کە نزیکەی 6 کیلۆمەتر لە باکوری ڕۆژهەڵاتی فڕۆکەخانەی بەغداوە دورە.

XS
SM
MD
LG