وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به وه‌کاله‌ت عه‌لی ئه‌کبه‌ر سـاڵحی گه‌یشـتۆته عێراق به مه‌به‌ستی وتووێژکردن له‌گه‌ڵ کاربه‌ده‌سـتانی عێراقی سه‌باره‌ت به مه‌سه‌له دوو قوڵیـیه‌کانی نێوان هه‌ردوو وڵات و هه‌روه‌ها ناوچه‌که.
ئه‌مه یه‌که‌م سه‌ردانی عه‌لی ئه‌کبه‌ر سـاڵحیـیه بۆ عێراق له‌وه‌تای کاربه‌ده‌سـتانی عێراق له مانگی دوازده‌ی سـاڵی ڕابردووه حکومه‌تی نوێـیان پـێـکهێنا و کۆتایـیان به هه‌شت مانگ له بنبه‌سـتی سیاسی وڵاته‌که‌یان هێنا.
عه‌لی ئه‌کبه‌ر سـاڵحی له لایه‌ن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق هوشیار زێباری له به‌غدا پـێشوازی لێـکرا. پاشـان له‌گه‌ڵ سه‌ره‌ک وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالیکی و سه‌رۆک کۆمار جه‌لال تاڵه‌بانی کۆبووه‌وه.
ئه‌م سه‌ردانه ڕۆژێـک پاش ئه‌وه دێت که سـاڵحی له تاران له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارێـکی باڵای عێراق ئیبراهیم جه‌عفه‌ری کۆبووه‌وه.
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه ئێران و عێراق له هه‌شـتاکاندا شه‌ڕێـکی خوێناویان له‌گه‌ڵ یه‌کتردا کرد، وه‌لێ له‌م سـاڵانه‌ی دوایـیدا په‌یوه‌ندی نێوانیان باش بووه.