Accessibility links

ڕاپـۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق - بەشی یەکەم

  • VOA News

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوکردەوە.

بەشی عێراقی ڕاپـۆرتەکە لە 69 لاپەڕە پـێکهاتووە و تیایدا باسی ڕەوشی خەڵکی عێراق دەکات لە ماوەی سـاڵی 2015 هەر لە پارێزگای بەسرەوە هەتا پارێزگای دهۆک.

سەرەتا ڕاپـۆرتەکە دەڵێت عێراق کە کۆمارێـکی پەرلەمانی دەستوریـیە، لە مانگی چواری ساڵی 2014 هەڵبژاردنێـکی پەرلەمانی ئەنجامدا کە بە گشتی بەپـێی پـێوانە نێودەوڵەتیـیەکان ئازاد و ڕەوا بووە. سەرئەنجام بە شێوەیەکی ئاشتیـیانە دەسەڵات لە سەرۆک وەزیری پـێشوو مالیکی بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر ڕادەستکرا.

پاشان باسی لە هێزەکانی ناو وڵاتەکە کرد. دەڵێت لە پاڵ هێزە چەکدارە فەرمیـیەکان نزیکەی 40 گروپی حەشدی شەعبی هەن کە لە 7 ی مانگی چواردا لە لایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە کران بە قەوارەیەکی فەرمی، بەڵام ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هێشـتا سەرۆک وەزیر دەسەڵاتی تەواوی بەسەریاندا نیـیە. هەروەها ڕاپـۆرتەکە باسیشی لە هێزەکانی پـێشمەرگە کرد و بە هێزی سەرەکی هەرێمی کوردسـتانی ناودێر کردن.

ڕاپۆرتەکە دەڵێت داعش توندوتیژی ئاینزایی لەو وڵاتە زیادکردووە و وڵاتەکەی دابەشکردووە و شەڕی داعش وایکردووە زیاتر لە 3.2 ملیۆن کەس لە ناو وڵاتەکە ئاوارە بن، ئەمە بێ لەوەی 245 هەزار ئاوارەی سوری ئێستا ڕوویان لەوێ کردووە و زۆربەیان لە هەرێمی کوردسـتانن.

سەبارەت بە توندوتیژیـیەکان و ئەو زیانە گیانیـیانەی بە خەڵکی سیڤیل کەوتوون، ڕاپـۆرتەکە ئاماژە بۆ زانیاریـیەکانی شاندی یۆنامی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە دەڵێت لە نێوان 1 ی مانگی یەکی ساڵی 2014 هەتا 31 ی مانگی دەی سـاڵی 2015 بە لایەنی کەم 55 هەزار کەس پـێوەبوون، لەوانە 18802 کەسیان گیانیان لەدەسـتداوە و ئەوانی دیکەیان برینداربوون. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات نیوەی قوربانیـیەکان لە بەغدا پایتەخت بوون.

ڕاپـۆرتەکە دەڵێت بەپـێی یونیسێف لە ماوەی ئەو ساڵەدا داعش زیاتر مافەکانی منداڵانی پـێشێلکردووە، بە تایبەتی لە پارێزگاکانی ئەنبار و دیالە و نەینەوا. پـێشـێلکاریـیەکانیش بریتین لە کوشتنی منداڵان، سەقەتکردنیان، دەسـتدرێژی سێکسی بۆ سەریان، بەکارهێنانیان وەکو سەرباز، هێرشکردنە سەر خوێندنگەکان و نەخۆشخانەکان، ڕفاندن.

پاشان باسی هێزەکانی ئاسایشی عێراق دەکات و دەڵێت ڕاپـۆرت هەن ئاماژە دەکەن ئەو هێزانە بەبێ دادگایی‌کردن خەڵکیان کوشتووە، هەرچەندە کەم جار بکوژەکان ناسراونەتەوە. بەپێی ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ کەسانی نێو وەزارەتی ناوخۆ ڕاپۆرتیان داوە کە دەسـتگیرکراو هەبوون هەتا مردن ئەشکەنجە دراون. ڕێکخراوی ئەمەنستیش دەڵێت پـێشمەرگەش چووە ماڵی عەرەبی ئەو ناوچانەی وێرانکردووە کە لە داعش ڕزگارکرابوون.

هەروەها دەڵێت بەپـێی ئەمنستی لە زۆر حاڵەتدا حەشدی شەعبی بەبێ سەرپەرشتی حکومەت سەربەخۆیانە کاریان کردووە. دەڵێن حەشد و هێزەکانی ئاسایش لە 26 ی مانگی یەک لە گوندی بروانە لە ڕۆژئاوای موقدادیـیە لە پارێزگای دیالە بە لایەنی کەم 56 پـیاوی سووننەیان کوشتووە.

ڕاپـۆرتەکە دەشڵێت داعش جگە لە توندوتیژی ئاینزایی، توندوتیژی نەژادیشی زیادکردووە. نمونە دەهێنێتەوە و دەڵێت لە توزخورماتوو لە 22 ی مانگی دە لە پاش تەقینەوەی ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و هەروەها لە 12 ی مانگی یازدە لە پاش شەڕە تەقە، پـێکدادان ڕوویداوە لە نێوان هێزەکانی پـێشمەرگە و ئاسایشی کوردی لە لایەک و حەشدی لە لایەکی دیکە. دەشڵێن هێزەکانی حەشدی شەعبی شیعەی تورکمان بوون لە لیوای بەدر و عەسائب ئەهل ئەلحەق و کەتائب حزبوڵڵا. هەردوو لای شەڕەکە خەڵکی خۆجێی هەبوون پـشتیوانی لێکردوون. سەرئەنجام ماڵ وێرانکراوە و سوتێنراوە، تاڵانی کراوە، خەڵک بە کۆمەڵ دەسـتگیرکراون.

باس لەوەش دەکات ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ ڕاپـۆرتی داوە کە چەکدارانی شیعەی تورکمانی نێو حەشدی شەعبی 150 بۆ 175 عەرەبی سووننەی توزخورماتوویان ئەشکەنجە داوە و 8 بۆ 34 کەسیان کوشتوون و هەتا کۆتایی ساڵ 50 کەسیان هەر دەسـتگیرکرابوون و ئەوانی دیکەیان ئازادکردووە.

ڕاپـۆرتی زۆر کەمیش هەن کە باس لە توندوتیژی ئاینزایی لە کوردسـتانی عێراق دەکەن بەراورد بە تەواوی وڵاتەکە. کەمینەکان ڕاپـۆرتیان کردووە لەو ناوچانەی دەرەوەی کوردسـتان کە بە توندی لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردسـتانەوە کۆنترۆڵکراون، هەڕەشە و هێرشیان کراوەتەسەر.

سەبارەت بە ڕفاندن و بێ سەروشوێنکردنی خەڵکی، ڕاپـۆرتەکە دەڵێت بۆ ئەو ساڵەش ئەم جۆرە تاوانە بەردەوامبووە و هەندێـک لەوانەی ڕفێندرابوون کە پارەیان بۆ ئازادکردنیان نەدرابوو کوژراون. دەشڵێت تەنانەت حاڵەتیش هەبوون کەسوکاری ڕفێندراوەکە پارەشیان داوە بەڵام ڕفێندەرەکان کەسەکەیان هەر کوشتووە. ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات زۆربەی حاڵەتی ڕفاندنەکان بۆ پارە بوون. ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە نێوان مانگی شەشی ساڵی 2014 هەتا مانگی شەشی ساڵی 2015 زیاتر لە 2935 کەس لە عێراقدا ڕفێندرابوون.

XS
SM
MD
LG