Accessibility links

ڕاپـۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لەسەر ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق - بەشی چوارەم


Department
Department

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە ڕاپـۆرتی ساڵانەی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهاندا بڵاوکردەوە.

بەشی عێراقی ڕاپـۆرتەکە لە 69 لاپەڕە پـێکهاتووە و تیایدا باسی ڕەوشی خەڵکی عێراق دەکات لە ماوەی سـاڵی 2015 هەر لە پارێزگای بەسرەوە هەتا پارێزگای دهۆک.

بەشی چوارەم:

سەبارەت بە ژمارەی دەسـتگیرکراوان لە زیندانەکانی وڵاتەکەدا، ڕاپـۆرتەکە دەڵێت بەپـێی ڕاپـۆرتەکان نزیکەی 20% ی دەسـتگیرکراوان زیندانی‌کراون بەر لەوەی دادگایی بکرێن. ئاماژە بۆ ڕاپۆرتێـکی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ دەکات کە لە مانگی دوو گوتویەتی بەپـێی کۆمیتەی مافەکانی مرۆڤ نزیکەی 40 هەزار کەس بۆ لێکۆڵینەوەکردن لەگەڵیاندا لە زیندان هێڵراونەتەوە.

وەزارەتی دادیش لە مانگی شەش گوتی نزیکەی 28 هەزار دەسـتگیرکراو لە ناوەندەکانی چاکسازی وەزارەتەکەدا هەن، لەوانە 200 کەسیان بیانین. ڕێکخراوە ناحکومیـیەکان دەڵێن ژمارە ڕاستەقینەکە لە سەروو 50 هەزار دەسـتگیرکراوە. لە هەرێمی کوردسـتانیش مەزەندەدەکرێت 3 هەزار دەسـتگیرکراو هەبووبن کە دادگایی نەکرابوون، لەوانە 82 یان ژن بوون.

پاشان ڕاپـۆرتەکە دەڵێت زۆر هۆکار بۆ ئەم حاڵەتە هەن، لەوانە نەبوونی ژمارەی پـێویستی دادوەر بەراورد بەو ژمارە زۆرەی دەسـتگیرکراون و هەروەها زۆر جار قبوڵ نەکردنی بەردان بە کەفالەت لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە و لەگەڵ ئەمانەش بەرتیل و گەندەڵیش هۆکاری دیکەن.

سەبارەت بە تاوانبارکردن و چۆنیەتی دادگایی‌کردنی تاوانباران، ڕاپـۆرتەکە دەڵێت کاربەدەسـتان بە شێوەیەکی ڕۆتینی دەستبەجێ تاوانبارەکانیان لە تۆمەتەکانی ئاڕاستەیان کراوە ئاگاداریان نەکردوونەتە. دادوەر بەڵگەکان کۆدەکاتەوە و بڕیار دەدات ئایا کەسەکە تاوانکارە یان بێ گوناهە.

نمونە دەهێنێتەوە، دەڵێت لە 7 ی مانگی حەوت لە دادگای تاوانەکانی بەغدا 28 پـیاو دادگایی‌کران بە یاسای دژە تێرۆر بە تاوانی بەشداریکردن لە کۆمەڵ کوژیـیەکەی سەربازگەی سپایکەر، ئەوەی تیایدا نزیکەی 1700 خوێندکاری سەربازی شیعە کوژران. بەپـێی میدیا نێودەوڵەتیـیەکان و پارێزەرانی خۆجێی کە ئامادەی دادگایی‌کردنەکە بوون و هەروەها ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ، دادگایی‌کردنەکە تەنیا لە نێوان 2 بۆ 4 کاژمێر درێژەی کێشاوە و تاکە پارێزەرێـک داکۆکی لە هەر 28 کەسەکە کردبوو و بەر لە دادگایی‌کردنەکە لەگەڵ هیچ کامیان کۆنەبووەتەوە و بۆ هەر هەمووشیان یەک کۆنووسی داکۆکی پـێشکەش بە دادگاکە کردبوو. پاشان دادوەر لە هەریەکەیانی پـرسیوە سەبارەت بە ئیعترافاتەکانیان، ئەوانیش ڕەتیانکردووەتەوە ئەو ئیعترافاتانەیان کردبێت و بە دادوەرکەیان گوتووە لە کاتی لێکۆڵینەوەدا چاویان بەستوونەتەوە و ئیمزایان لەسەر ئەو کاغەزانە پـێکردوون کە پـێـیان وابووە ئیعتیرافاتەکانی خۆیان بووبن. گوتوشیانە هەروەها ئەشکەنجەشیان داون. هیچ شایەتحاڵێـکیش نەبوو بەڵگە لە دژیان بخاتە ڕوو. پاشان دادوەرەکان بۆ تاووتوێکردنی کەیسەکان ژوری دانیشتنەکەیان جێهێشتووە و پاش ماوەیەکی کورت گەڕاوەنەتەوە و دادوەرەکە بڕیاری داوە 24 کەسیان سزای مەرگ بدرێن و 4 کەسەکەی دیکەیان بێ تاوانن بەهۆی کەمی بەڵگە لەسەریاندا.

سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، ڕاپـۆرتەکە دەڵێت کاربەدەسـتان لە حکومەتی هەرێم ئاماژەیەیان بۆ ئەوە کردووە داواکارانی گشتی و پارێزەرانی بەرگری ڕووبەڕووی کۆسپ دەبنەوە لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان، وە دادگاییکردنی زیندانیکراوان بە بەهانەی کاری ئیداری دوادەخرێن.

سەبارەت بە دەسـتگیرکردن و زیندانیکردنی کەسانی سیاسی. ڕاپـۆرتەکە دەڵێت حکومەت هیچ کەسێـکی دەستگیرکراو یان زیندانیکراو بە سیاسی دانانێت و بەپـێی یاسای تاوان تۆمەتباردەکرێن و یانیش بە دەسـتگیرکراوی دەیانهێڵنەوە لە چاوەڕوانی دادگایی‌کردنیان و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.

پاشان دەڵێت بەهۆی کەمی شەفافیـیەتی حکومەت قورسە بزانرێت کێ زیندانی سیاسیـیە، بە تایبەتی ئەوانەی کەیسەکانیان بە تێرۆر و کاری سیخوڕی و سەربازی گرێ دراون.

دەشڵێت لە هەرێمی کوردسـتانیش بەو شێوەیەیە و هیچ هەڵسەنگاندنێکی بڕواپـێکراو نیـیە سەبارەت بە دەستگیرکراوان و زیندانکراوانی سیاسی. لە 4 ی مانگی هەشت ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕاپـۆرتیان کرد کە دەڵێت دەزگای موخابەراتی پارتی دیموکراتی کوردسـتان عیسا بارزانیان دەسـتگیرکردووە پاش ئەوەی وێنەی هەر یەک لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان و جەلال تاڵەبانی ڕێبەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و سەرۆکی پـێشووی عێراقی پـۆست کردبوو. ئەندامێـکی خێزانی عیسا بارزانی بە ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤی گوتووە دەسەڵاتداران بۆیە عیسا بارزانیـیان دەسـتگیرکردووە چونکە ڕەخنەی لە بنەماڵەی بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردسـتان گرتبوو.

ڕاپـۆرتەکە لە بەشێـکیشی باسی لە پـێشـێلکاری دیکەی پەیوەست بە شەڕی داعشەوە کردووە. دەڵێت بەپـێی ئەمنستی ئنتەرناشناڵ، پـێشمەرگە و گروپی چەکداری ئیزدیـیەکان لە نێوان مانگی نۆی سـاڵی 2014 بۆ مانگی سێی سـاڵی 2015 لە چەند گوند و شارۆچکەیەکی ژێر کۆنترۆڵی خۆیان لە پارێزگاکانی نەینەوا و کەرکوک و دیالە ماڵیان سوتاندووە و وێرانکردووە کە هیچ پـێویستیـیەکی لەشکری نەبووە بۆ ئەو کارەیان. ئەمنستی گوتویەتی پـێشمەرگەیەک لە نزیک یەکێک لە گوندە وێرانکراوەکان پـێی گوتوون بۆیە ئەو کارەیان کردووە تاوەکو هەرگیز دانیشتوانەکانیان بۆیان نەگەڕێنەوە. پـێشمەرگەیەکی دیکە لە گوندێـکی دیکە پـێی گوتوون ناوچەکە پاش گرتنەوەی وێرانکراوە تاوەکو چۆڵ ببێت. چالاکوانانی ڕێکخراوی ناحکومی بنکە لە هەولێر ومافەکانی مرۆڤ لەگەڵ هەندێـک لەو ئیدیعایانەی ئەمنستیدا بوون.

بەپـێی میدیا خۆجێـیەکان لە مانگی هەشت دانیشتوانی شارۆچکەی تەلسقوف لە پارزگای نەینەوا گوتویانە بینیویانە ئەندامانی پـێشمەرگە چونەتە نێو ماڵەکانەوە و بە داوای شتی گرانبەها گەڕاون. دانیشتوان بە تاڵانکردنێـکی بەرنامە بۆ دانراوی پـێشمەرگەیان داناوە.

XS
SM
MD
LG