Accessibility links

تەرمى پارێزەرى دۆسیەى تاریق هاشمى جێگرى پـێشووى سەرۆک کۆمارى عێراق دۆزرایەوە


دواى ڕفاندنى لەلایەن گروپێک چەکدارى نەناسراوەوە لە ڕێگەى عوزێمى پارێزگاى دیالە ، ئەمڕۆ تەرمى عەبدولقادر قەیسى پارێزەرى دۆسیەى تاریق هاشمى جێگرى سەرۆک کۆمارى پێشوى عێراق دۆزرایەوە.

کەریم عەلى ئاغا جێگرى پارێزگارى دیالە، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"سونەکان گومانیان لە هێزە شیعیەکان هەیە بەوەى لە ڕێگەى عوزێم خەڵک بکوژن و بڕفێنن، بەو پـێـیەى ئەو ڕێگەیە لە ژێر کۆنترۆڵى پۆلیس و سوپا و حەشددایە."

وتیشى"ئێمە کۆبونەوەمان لەگەڵ حەشدى شەعبى و هێزە ئەمنیەکاندا کردووە، بەڵام ئەوان بەتوندى ڕەتیانکردەوە دەستیان لەو تاوانانەدا هەبێت."

عەبدولقادر قەیسى پارێزەرى هاشمى ، پێشتر سەرۆکى رێکخراوى پارێزەرانى بەغدا بووە و دواى ڕوخانى بەعس بووەتە ڕاوێژکارى هاشمى ئەو کاتەى کە جێگرى سەرۆک کۆماربوو، پاش دەرچوونى بڕیارى گرتن بۆ هاشمى و هەڵاتنى لەعێراق، قەیسى بووە پارێزەرى دۆسیەکەى.

محەمەد عوسمان ئەندامى پەرلەمانى عێراق، بەدەنگى ئەمەریکاى ڕاگەیاند"لە عێراقى فرە مەزهەب و فرە پێکهاتەدا هەموو لایەنەکان بەدواى تۆڵە سەندنەوەن لە یەکترى، بۆیە پرۆسەى سیاسى تێکچووە."

وتیشى"تا سستمى حوکمڕانى وڵات بەم شێوەبێت رۆژنامەنوس و پارێزەر دەکوژرێن و دەڕفێنرێن ، بۆیە خەڵکانى شارەزا وڵات جێدەهێڵن و عێراق خەریکە دەبێت گوند."

بەو پێیەى هەڕەشە لەسەر ژیانى هەبووە، بۆیە عەبدولقادر قەیسى بەغداى بەجێهێشتوە و ماوەى چەند ساڵێکە لە هەولێر نیشتەجێ‌ بووە، بەڵام بۆ پشووى سەرى ساڵ چووەتە بەغدا و لە ڕێگە ڕفێنراوە و دواتر تەرمەکەى فڕێدراوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:41 0:00

XS
SM
MD
LG