Accessibility links

وەزیری ناوخۆی عێراق داوای دەست لەکارکێشانەوەی خۆی بۆ بەردەم عەبادی ڕەوانە دەکات

  • VOA News

محمەد سالم ئەلغەبان، وەزیری ناوخۆی عێراق

محمەد سالم ئەلغەبان، وەزیری ناوخۆی عێراق

وەزیری ناوخۆی عێراق داوای دەسـت لەکارکێشانەوەی لە پـۆستەکەی بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر ناردووە، ئەمەش لە بەرامبەر شکستهێنانی دەزگا ئاسایشیـیەکانی وڵاتەکەی لە پاراستنی خەڵکی.

محەمەد سالم ئەلغەبان ئەمڕۆ سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی " هەموو بەرپـرسیارێتیـیە دەستوریـیەکان لە ئەستۆ دەگرم و خۆم لێـیان نادزمەوە، بەڵام بە مەرجێـک ئەو گرفتانە چارەسەربکرێن کە هەڵەی بنەڕەتین و ناکرێت لەم دۆخە بەم سیستەمە ئاسایشیـیە بەردەوامبین، بۆیە من ئەمڕۆ بەو پـێـیەی هیچ بە دەنگەوەهاتنێـک نەبوو، دەسـت لەکارکێشانەوەم پـێشـکەش کرد و واژوم کرد و ڕەوانەی بەڕێز سەرۆک وەزیرم کرد هەتا بڕیاری گونجاوی لەسەر بدات یان ئەوەتا بە دەنگ داواکاریـیەکان دێت بۆ چاکسازی لە سیستەمی ئاسایشی. چاکسازیـیەکی ڕاستەقینە نەک تەنیا قسە، نەک تەنیا ئامێرەکان بگێڕنەوە... سوودی چیـیە ئامێرەکان بگێڕنەوە و ئەڵتەرناتیڤ چین. دەبێت چاکسازی بنیادنەر و بنەڕەتی لە سیستەمی ئاسایشی بکرێت، بێ لەمە من ناتوانم بەرپـرسیارێتی خوێنی ئەو خەڵکە هەڵبگرم لەگەڵ بەرپـرسیارێتی ئەم بێ سەروبەریە لە سیستەمی ئاسایشی، بۆیە بەردەوام دەبم لەسەر مەسەلەی دەست لەکارکێشانەوەکە و تکا دەکەم ڕەزامەندی لەسەر دەرببڕێت، وە لە ئێستاوە هەتا سەرۆک وەزیر بڕیاری خۆی دەدات ئەوا دەسەڵاتەکانی خۆم دەدەم بە بریکاری وەزارەت بۆ کاروباری کارگێڕی و دارایی تاوەکو کارەکانی وەزارەتەکە بەڕێوەببات."

پاشان لە وەڵامی بۆ پـرسیارێـکی کەناڵی ئەلعێراقیـیە گوتی ئەو ئۆتۆمبیلە بۆمبڕێژکراوەی لە ناوچەی کەڕادەی بەغدا تەقێنرایەوە، لە پارێزگای دیالەوە هاتبوو لەگەڵ ئۆتۆمبیلێـکی دیکەی بۆمبڕێژکراو، بەڵام ئۆتۆمبیلی دووەم دەستی بەسەرداگێرا و شۆفێرەکەی دەسـتگیرکرا. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد لە ماوەی ئەم مانگی ڕەمەزانە 30 ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو لە لایەن دەزگای هەواڵگری وەزارەتی ناوخۆوە ئاشکراکراون.

جێی ئاماژەیە شەوی یەکشەممە ئۆتۆمبیلێـکی بۆمبڕێژکراو لە شوێنێـکی بازرگانی قەرەباڵغی ناوچەی کەڕادەی بەغدا تەقیـیەوە و لە ئاکامدا زیاتر لە 175 کەس گیانیان لەدەسـتدا و بە دەیانی دیکە برینداربوون. ئەمەش ناڕەزایـیەکی زۆری خەڵکی بەغدای لێکەوتەوە. هەروەها گومانێـکی زۆر لەسەر ئەو ئامێرە ئەلیکترۆنیـیانە هەن کە لە خاڵەکانی پـشـکنین بەکاردەهێنرێن بۆ دۆزینەوەی تەقەمەنی.

بەشێک لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیـیەکەی ئەلغەبان:

XS
SM
MD
LG