Accessibility links

وەزیری بەرگری فەڕەنسا سەردانی عێراق دەکات


وەزیری بەرگری فەڕەنسا بە سەردانێـکی پـێشتر ڕانەگەیەندراو ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق و لەوێ لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێس دەڵێت ژان لو دغیان ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ هەریەک لە فوئاد مەعسوم سەرۆکی عێراق و حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر و سەلیم ئەلجبوری سەرۆکی پەرلەمان و خالید ئەلعوبەیدی وەزیری بەرگری کۆبووەتەوە.

لە کۆبوونەوەکاندا تاووتوێی هەوڵەکان بۆ شەڕی داعش کراون کە فەڕەنسا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتی ئەمەریکا تیایدا بەشدارە. کاربەدەسـتان دەڵێن وتووێژ لە بارەی مەشق و ڕاهێنانی هێزە عێراقیـیەکان کراوە لەگەڵ چۆنیەتی پـڕچەککردنیان. هەروەها باس لە هاوکاری نێوان بەغدا و پاریس کراوە بۆ نەهێشتنی شانە نوستووەکانی داعش لە هەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیهان بە گشتی.

فەڕەنسا ڕۆڵێـکی گرنگ دەبینێت لە هێرشە ئاسمانیـیەکانی سەر داعش. بەپـێی وەزارەتی بەرگری فەڕەنسا 580 جار فڕۆکەی جەنگی فەڕەنسا هەستاون و زیاتر لە 1000 شوێنی داعشیان بۆردومانکردووە. لەگەڵ ئەوەش فەڕەنسا نزیکەی 350 سەربازی لە عێراقدا هەیە بۆ ڕاوێژکاری و هەماهەنگی لە هێرشە ئاسمانیـیەکان.

XS
SM
MD
LG