Accessibility links

ڕێکخراوێـک: لە ماوەی دوو ڕۆژ زیاتر لە 4 هەزار کەس لە شاری فەلـلوجە هەڵاتوون


ڕێـکخراوێـکی بەهاناچونی نەرویژی دەڵێت لەوەتای ڕۆژی شەممەوە زیاتر لە 4 هەزار کەسی سیڤیل لە شاری فەلـلوجە هەڵاتوون، ئەمەش پاش ئەوەی هێزەکانی حکومەت جادەیەکی سەرەکیـیان کۆنترۆڵکردووەتەوە.

ڕێکخراوی Norwegian Refugee Council ئەمڕۆ دووشەممە ئەم هەواڵەی ڕاگەیاند و گوتی بەمەش 27.580 کەس لە شاری فەلـلوجە هەڵاتوون لەوەتای لە کۆتایی مانگی پـێنجەوە هێرشی هێزەکانی عێراق دەسـتیانپـێکردووە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شارەکە.

ڕێـکخراوەکە دەشڵێت چاوەڕوان‌دەکرێت هەزاران کەسی دیکە ئەو ڕێگە مەترسیدارە بگرنەبەر کە پـڕە لە بۆمبی چێنراو. باس لەوەش دەکات ژمارەیەک لەوانەی لە شارەکە هەڵاتوون گوتویانە چەکدارانی داعش 150 هەزار دینار، کە دەکاتە نزیکەی 130 دۆلار، لە هەر کەسێـک دەسەنن کە بیەوێت شارەکە جێبهێڵت.

ئاگاهیشی دا ئەو خۆراک و ئاو و پـێداویستیانەی هەیانە بیدەن بە ئاوارەکان، ڕوو لە کەمیـیە، بۆیە ڕێکخراوەکە داوا دەکات بە لایەنی کەم 10 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینبکرێت تاوەکو بتوانێت بۆ ماوەی شەش مانگ پـێدوایستیـیە سەرەکیـیەکان بۆ ئاوارەکان دابینبکات.

XS
SM
MD
LG