Accessibility links

هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان و عێراق گورزێـکی گەورە لە داعش دەدەن


کاربەدەسـتانی ئەمەریکا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزیان گوتووە فڕۆکەکانی هاوپەیمانان ئەوانەی ئەمەریکا ڕێبەرایەتیـیان دەکات، ڕۆژی چوارشەممە ژمارەیەک هێرشی ئاسمانیـیان کردووەتە سەر داعش لە دەوروبەری شاری فەلـلوجە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 250 چەکداری داعش کوژراون و 40 ئۆتۆمبیلیشیان تێـکشکاندوون.

بەڵام عەمیدی یەحیا ڕەسوڵ گوتەبێژی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی لەشکری عێراق ئەمڕۆ پـێنجشەممە ڕاگەیاند هێزی ئاسمانی وڵاتەکەی بە پشـتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان لە کاروانێـکی درێژی ئۆتۆمبیلی داعشیان داوە کە نزیکەی 500 ئۆتۆمبیل بوون و لە ئاکامدا زیاتر لە 150 چەکداری داعش کوژراون و 260 ئۆتۆمبیلیش تێـکشکێنراون.

وەزارەتی بەرگری عێراق لەسەر ماڵپەڕی خۆی هەواڵەکەی بڵاوکردووەتەوە لەگەڵ ڤیدیۆی بۆردومانکردنی کاروانی ئۆتۆمبیلەکانی داعش و هەروەها ژمارەیەک ئەفسەری هێزی ئاسمانی لێدوان دەدەن لە بارەی ئەم گورزە گەورەیەی لە داعشیان داوە.

ڤیدیۆکە نیشانی دەدات بە دەیان ئۆتۆمبیلی بارهەڵگری پـڕ لە چەک و کەلوپەل تێکشکاون و ژمارەیەک تەرم نیشان دەدات، دەڵێت هی چەکدارانی داعشە.

XS
SM
MD
LG