Accessibility links

لەشکری عێراق: کۆمەڵە بیناکانی حکومەت لە ناو شاری فەلـلوجە کۆنترۆڵکرانەوە


کاربەدەسـتانی لەشکری و ئاسایشی عێراق دەڵێن هێزەکانیان توانیویانە کۆمەڵە بیناکانی حکومەت لە ناوەندی شاری فەلـلوجە کۆنترۆڵبکەن و ئاڵای وڵاتەکەیانی لەسەر بەرزبکەنەوە، ئەمەش پاش نزیکەی 4 هەفتە لە دەسـتپـێکردنی ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی شارەکە.

فەریق ڕوکن عەبدولوەهاب ئەلساعدی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکە ئەمڕۆ هەینی بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فەڕەنسایی ڕاگەیاند هێزەکانی دژە تێرۆر و کاردانەوەی خێرا کۆمەڵە بیناکانی حکومەتیان لە ناو شاری فەلـلوجە بە تەواوی ڕزگارکردووە.

فەریق شاکر جەودەت فەرماندەی پـۆلیسی فیدراڵی ئەویش گوتی ئەو شوێنە سمبوڵی شارەکەیە و ڕزگارکردنی شکۆمەندی دەوڵەت و سەپاندنی یاسا دەگێڕیتەوە. ئاماژەی بۆ ئەوە کرد هێزەکانی حکومەتی عێراق لە ئێسـتادا سەرقاڵی ڕاوەدونانی چەکدارانی داعشن لە ناوەندی شارەکە.

بەڵام گوتەبێژی هاوپەیمانانی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بە ئاژانسی دەنگ‌وباسی ڕۆیتەرزی گوتووە هێزەکانی حکومەت لە کۆمەڵە بیناکە نزیک کەوتوونەتەوە، بەڵام هێشتا کۆنترۆڵیان نەکردووە.

هاوکات لەشکر لە بەیانـنامەیەکدا ڕایگەیاند هێزەکانی پـۆلس لە جادەی ناسراو بە (شارع بغداد) کە ڕێگەیەکی سەرەکیـیە و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای شارەکە پـێکەوە دەبەستێتەوە. گوتیشی هێزەکانی دژە تێرۆریش نەخۆشخانەی فەلـلوجەیان گەمارۆداوە.

لە لایەکی دیکە سەباح ئەلنوعمانی گوتەبێژی دەزگای دژە تێرۆری عێراق لە لێدوانێـکیدا بۆ کەناڵی ئەلعێراقیـیەی ڕاگەیاند قەناس بەدەسـتی داعش خۆیان لە ناو نەخۆشخانەکە حەشارداوە، بەڵام پـێشبینی کرد لە ماوەی چەند کاژمێرکدا هێزەکانی حکومەت کۆنترۆڵی نەخۆشخانەکە بکەن.

XS
SM
MD
LG