Accessibility links

عێراق بە نیازە مانگانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت هەناردەی میسر بکات


باڵیۆزی عێراق بۆ میسر ئاشکرای کرد وڵاتەکەی بە گرێبەستێـک لەگەڵ قاهیرە گەیشتووە بۆ هەناردەکردنی نەوت بۆ میسر و لە ئێستادا ڕەشنووسی گرێبەستەکە ڕەوانەی وەزارەتی پـترۆلی میسر کراوە تاوەکو بڕیاری لەسەربدرێت.

ڕۆژنامەی ئەهرامی میسر ئەمڕۆ پـێنجشەممە ئەم هەواڵەی لە زاری باڵیۆز حەبیب محەمەد هادی بڵاوکردەوە. گوتویەتی چاوەڕوان‌دەکرێت باری یەکەمی نەوتەکە کە بە یەک ملیۆن بەرمیل لە مانگێـکدا مەزەندەدەکرێت، سەرەتای مانگی داهاتوو بگاتە میسر.

باسی لەوەش کردووە عێراق لە چوارچێوەی پـرۆژەیەک بۆ ڕاکێشانی لولەی نەوت و گاز لە بیرە نەوتیـیەکانی بەسرەوە بۆ ئوردن، عەمباری گەورە بۆ نەوت دروستدەکات و وڵاتی میسر دەتوانێت پـێداویستیـیەکانی خۆی لێببات و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان هەناردەبکرێت.

تاریق ئەلحەدیدی سەرۆکی دەسـتەی گشتی پـترۆلی میسر لە 14 ی ئەم مانگی دووە گوتی وڵاتەکەی نزیکبووەتەوە لە گەیشتن بە گرێبەستێـک بۆ هاوردەکردنی نەوتی خاوی عێراق. گوتیشی خوازیارن گرێبەستی لەو جۆرە لەگەڵ وڵاتانی دیکەش ئەنجام بدەن.

جێی ئاماژەیە لە پاش لابردنی محەمەد مورسی لە دەسەڵات، عەرەبستانی سعودیـیە بڕیاری دا بۆ ماوەی 5 سـاڵ بە بەهای 23 ملیار دۆلار یارمەتی میسر بدات، لەوانە هەناردەکردنی 700 هەزار تۆن لە بەرهەمە نەوتیـیەکانی، بەڵام لە مانگی دەی ساڵی 2016 وە سعودیـیە ئەو یارمەتیـیەی بڕی و ناچار میسر بە پەلە کەوتە کڕینی سووتەمەنی لە بازاڕەکانی جیهاندا. چاودێران دەڵێن ناکۆکی سیاسی و جیاوازی لە هەڵوێستەکان بەرامبەر کێشەکانی ناوچەکە هۆکاری ڕاگرتنی یارمەتیـیەکانی سعودیـیە بوون.

XS
SM
MD
LG