Accessibility links

جێگرى پارێزگارى دیالە: پارێزگاى دیالە بە تەواوەتى لە داعش پاككراوەتەوە

  • VOA News

جێگرى پارێزگارى دیالە دەڵێت ، تەواوى پارێزگاى دیالە لە داعش پاككراوەتەوە و لە ئێستادا یەک بستى پارێزگاكە لە ژێر كۆنترۆڵى ئەو رێكخراوەدا نیـیە، لە كاتێكدا پێشتر 35%ى دیالە لە ژێر كۆنترۆڵى داعشدا بوو.

كەریم عەلى ئاغا، بە دەنگى ئەمەریكاى ڕاگەیاند"پێشمەرگە و حەشدى شەعبى تەواوى پارێزگاى دیالەیان لە داعش پاككردووەتەوە و پارێزگاكە لەسەرئێشەى داعش رزگارى بووە."

بەپێى وتەى جێگرى پارێزگارى دیالە كە كوردە، لە ئێستا شیعە و سونەكانى پارێزگاكە یەكترى بە پێشێلكارى و كوشت و بڕكردنى یەكترى تۆمەتبار دەكەن ، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دۆخى ئەمنى دیالە باشە.

كەریم عەلى ئاغا، روونیشیكردەوە لە هەفتەى داهاتووەوە دانیشتوانى ناحیەى جەلەولا دەگێڕدرێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵیان ، لە كاتێكدا حكومەتى عێراق بودجەى بۆ ئەنجامدانى پرۆژە لەو شارۆچكەیە نیـیە و چاوەروانى سندوقى نێودەوڵەتیە هاوكارى بكات لەو رووەوە.

پارێزگاى دیالە كە دانیشتوانەكەى تێكەڵەیەكە لەعەرەبى سونە و شیعە ، لە دواى رووخانى رژێمى بەعسەوە و لەماوەى 12 ساڵى رابردوودا زۆرترین كوشت و بڕ و شەرى مەزهەبى تێیدا روویداوە.

XS
SM
MD
LG