Accessibility links

داواى دروستکردنى هێز بۆ عەرەبەکانى ناوچە کێشەلەسەرەکانى پارێزگاى دیالە دەکرێت ، هاوشێوەى ئەو لیوا پێشمەرگەیەى بۆ عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا دروستکرا.

شێخ یەعقوب لهێبى بەرێوەبەرى ناحیەى جەلەولا کە هاوکات کەسایەتیەکى عەرەبى سونەى دیالەیە، پشتگیرى خۆى بۆ بەشدارى پێکردنى عەرەبەکانى دیالە لەهێزەکانى پێشمەرگە دەربرِى ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"گەر گەنجانى عەرەب لە چوارچێوەى هێزى پێشمەرگەدا رێکبخرێنەوە، ئەوکات ئەوان جلى پێشمەرگە دەپۆشن و ئاڵاى کوردستان دەخەنە سەر سنگیان و ئینتیمایان بۆ هەرێم دەبێت."

ئەو کەسایەتیە عەرەبەى دیالە، ئاماژەى بەوەشکرد گەنجانى عەرەبى دەرچووى زانکۆکان بێ‌ کارن و هیچ کارگەیەک نیە کارى تێدا بکەن ، گەر بە پێشمەرگە دانەمەزرێن ، ئەوا لەلایەن حکومەتى عێراقیەوە دەکرێن بە حەشدى شەعبى.

لاى خۆشیەوە عەبدولعەزیز حەسەن پەرلەمانتارى یەکێتى لەپەرلەمانى عێراق ، داوایکردووە هێز بۆ عەرەبەکانى دیالە دروست بکرێت ، چونکە عەرەبەکان 50 ساڵە لەسەر خاکى کوردستان دەژین و مانەوەیان لەگەڵ کوردستان پێ‌ باشترە.

بەڵام عەقید جمهور رۆستەم فەرماندەى پێشمەرگە لەپارێزگاى دیالە، بۆچوونى جیاوازى هەیە و بە پێویستى دەزانێت عەرەبەکانى ناوچە کێشەلەسەرەکان لەپەرلەمان و حکومەتى هەرێمیشدا بەشداریان پێبکرێت.

عەقید جمهور وتى "پێش چەکدار کردنى عەرەبەکان دەبێت لەرێگەى بەشدارى پێکردنیانەوە لەدەسەڵاتى هەرێم متمانەیان لادروست بکرێت بۆ ئەوەى دواتر چەکەکانیان لەدژى کورد بەکارنەهێنن."

عەرەبەکانى ناحیەى جەلەولاى پارێزگاى دیالە ، ئەمساڵ هاوشێوەى کورد بەشداریان لەئاهەنگى نەورۆزدا کرد و لەنێو ناحیەکەیان بە کردنەوەى ئاگر و هەڵپەرکێ‌ و گۆرانى وتن نەورۆزیان بەرز راگرت.

XS
SM
MD
LG