Accessibility links

فەرماندەیەكى حەشدى شەعبى ژمارەى چەكدارەكانى داعش لە ناوچە كوردستانیەكانى دیالە ئاشكرادەكات


فەرماندەیەکى باڵاى حەشدى شەعبى لە ناوچە کوردستانیەکانى پارێزگاى دیالە، ژمارەى چەکدارەکانى داعشى لەو ناوچانە بۆ دەنگى ئەمەریکا ئاشکراکرد، ئاماژەى بەوەکرد ژمارەیەک چەکدارى داعش لە موسڵ و حەویجەوە گەڕاونەتەوە بەرەو گوندە کوردستانیەکانى دیالە.

ئەبو مونتەزر فەرماندەى باڵاى حەشدى شەعبى لەپارێزگاى دیالە، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لەچەند رۆژى رابردوودا هێزەکانمان هێرشیانکردووەتە سەر چەند ناوچەیەک ، کەژمارەیەک چەکدارى داعشى لەو چەکدارانە تێدا بووە کەلەموسڵ و حەویجەوە گەراونەتەوە."

دەوروبەرى دەریاچەو زنجیرە چیاى حەمرین و ناوچەى نەداى نزیک ناحیەى مەندەلى پارێزگاى دیالە لەو ناوچانەن کە لەئێستادا ژمارەیەک چەکدارى گەرۆکى داعشیان تێدایە ، کە ئەو چەکدارانە ناوبەناو پەلامارى پێشمەرگە و سوپاى عێراق دەدەن.

دەربارەى ژمارەى چەکدارەکانى داعش لەناوچەى نەداو سنورى حەمرین ، ئەبو مونتەزر وتى "ناوچەى نەدا 80 بۆ 90 چەکدارى داعش و حەمرینیش نزیکەى 65 چەکدارى تێدایە."

لاى خۆشیەوە عەقید کاوە محەمەد فەرماندەى هێزى پێشمەرگە لە ناوچەى کۆباشى باشورى قەزاى خانەقین ى پارێزگاى دیالە ، بە دەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەو چەکدارانەى داعش کە گەراونەتەوە بۆ ناوچە کوردستانیەکانى دیالە لەو ناوچانەن کە لەژێر کۆنترۆڵى حەشد و سوپاى عێراقدان ، بەڵام ناو بەناو هێرش دەکەنە سەر رەبیەکانى پێشمەرگەش."

ناوچەى نەداى نزیک مەندەلى و دەوروبەرى زنجیرە چیاى حەمرین لەپارێزاى دیالە لەدواى روخانى رژێمى بەعسەوە لەساڵى 2003 بوونەتە پێگەى گروپە چەکدارەکان ، سەربارى بوونى هێزە ئەمنی و سەربازیە عێراقیەکان لەو ناوچانە بەڵام نەتوانراوە سنور بۆ چالاکى و جم و جۆڵى گروپە توندرەوەکان دابنرێت.

please wait

No media source currently available

0:00 0:02:40 0:00

XS
SM
MD
LG