Accessibility links

ئەو فڕۆکەیەى داقوقى بۆردومانکرد عێراقى بووە


بەپێى ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان، ئەو فڕۆکەیەى کە کەژاوەی شیعەکانى لە قەزاى داقوقى ڕۆژئاواى کەرکوک بۆردومانکرد، فڕۆکەیەکى عێراقى بووە.

هۆشیار عەبدوڵا ئەندامى لیژنەى ئاسایش و بەرگرى لە پەرلەمانى عێراق ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"ئەنجامى لێکۆڵینەوەى لیژنە پێکهێنراوەکان دەریخستوە ئەو فڕۆکەیەى داقوقى بۆردومانکرد عێراقى بووە."

هاوکات لەگەڵ هێرشەکەى رۆژى 21 ی مانگی دە، ئەوەی داعش کردیـیە سەر شارى کەرکوک ، فڕۆکەیەکى نەناسراو کەژاوەی شیعەکانى لە قەزاى داقوق بۆردومانکرد و بەو هۆیەوە زیاتر لە 15 کەس کوژران و زیاتر لە 55 کەسى تریش برینداربوون.

عەمید کاوە غەریب فەرماندەى پۆلیسى داقوق ، بەدەنگى ئەمەریکاى راگەیاند"لە کاتى بۆردومانکردنى داقوقدا فڕۆکەی زۆر بەئاسماندا سوڕاونەتەوە، بۆیە ئێمە نازانین ئەو فڕۆکە سەربە چى لایەک بووە کە داقوقى بۆردومانکرد."

وتیشى"لیژنە لە وەزارەتى بەرگرى و ناوخۆوە نێردراون بۆ لێکۆڵینەوە و هێشتا ئەنجامى لێکۆڵینەوەکان بە ئێمە نەگەیشتووە."

ئەو فڕۆکەیەى کە کەژاوەی شیعەکانى لەداقوق بۆردومانکرد ، هەر هەمان رۆژ دوو سەنگەرى پێشمەرگەى لەباشورى کەرکوک بۆردومانکردبوو، لە کاتێکدا پێشمەرگە سەرقاڵى شەڕى ئەو چەکدارانەى داعش بوو کە هەمان رۆژ دزەیانکردبووە ناو کەرکوک.

XS
SM
MD
LG