Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانی عێراق دەکات


وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئەمڕۆ دووشەممە گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ فەرماندە لەشکریـیەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە و هەروەها لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای عێراق سەبارەت بەوەی ئەمەریکا بە چ ڕێگەیەک دەتوانێت پەرە بە شەڕی دژی داعش بدات لە عێراق و سوریا.

ئاژانسی دەنگ‌وباسی ئەسۆشیەتد پـرێس دەڵێت ئاشتۆن کارتەر بە نیازە لە میانەی سەردانەکە کۆببێتەوە لەگەڵ جەنەڕاڵ شۆن ماکفارلاند گەورە فەرماندەی لەشکری ئەمەریکا بۆ شەڕی داعش و هەروەها حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق و خالید عوبەیدی وەزیری بەرگری. چاوەڕوانیش دەکرێت بە ڕێگەی تەلەفون وتووێژ لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردسـتانیش بکات.

ئەسۆشیەتد پـرێس دەشڵێت کاربەدەسـتێـکی باڵای ئەمەریکا گوتویەتی هاوکاتی ئەمەریکا هەنگاودەنێت بۆ یارمەتدانی عێراقیـیەکان، شیانیشی ئەوەش هەیە بە لای کەم ژمارەیەکی بچوک لە هێزی ئەمەریکایی بەرەو ناوچەکانی شەڕ ڕەوانەبکرێن.

کارتەر گوتویەتی ئەمەریکا تاووتوێی ژمارەیەک بژارە دەکات، لەوانە هێرشی ئاسمانی زیاتر، هێرشی سەر ئنتەرنێت، ناردنی هێزی ئەمەریکایی بۆ شوێنی شەڕەکان.

جێی وەبیرهێنانەوەیە لە کۆتایی مانگی سێ، جەنەڕاڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆکی ئەرکانی لەشکری ئەمەریکا بە پەیامنێرانی گوت خۆی و بەڕێز کارتەر لەو بڕوایەدان لە چەند هەفتەی داهاتوو هێزی ئەمەریکایی لە عێراق زیادەکرێن، وە هەر چ بڕیارێـکی کۆتایی بدەن، ئەوا لەگەڵ حکومەتی عێراق تاووتوێی دەکەن و پاشان پـێویستە سەرۆک ئۆباما پەسەندی بکات.

XS
SM
MD
LG