Accessibility links

وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانی عێراق دەکات

  • VOA News

وەک بەشێـک لە گەشتەکەی بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی هەڵسەنگاندن و چڕکردنەوە هەوڵەکان لە دژی داعش، وەزیری بەرگری ئەمەریکا ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەردانێـکی لە ناکاو گەیشتە پایتەختی عێراق.

حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیری عێراق لە ئۆفیسەکەی خۆی لە بەغدا بە ئامادەبوونی خالد ئەلعوبێدی وەزیری بەرگری لەگەڵ ئاشتۆن کارتەر و شاندی یاوەری کۆبووەوە.

ئۆفیسی میدیای عەبادی دەڵێت لە میانەی کۆبوونەوەکە تاووتوێی شەڕی داعش و پـڕچەککردن و ڕاهێنانی هێزە عێراقیـیەکان کراوە لەگەڵ ڕەوشی ناوچەکە.

دەشڵێت کارتەر لای خۆیەوە دەسـتخۆشی لە عێراقیـیەکان کرد بۆ ئەو بەرەو پـێشچوونانەی لە دژی داعش تۆماریان کردووە و پـشتیوانی تەواوی خۆی بۆ یەکپارچەیی و سەروەری عێراق دەربڕیوە.

بڕیارە کارتەر لەگەڵ فەرماندە لەشکریـیەکانی ئەمەریکاش لە عێراق کۆبـبێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی هەڵمەتی دژی داعش و هەروەها چیتر دەتوانرێت بۆ ئەم شەڕە بکرێت. چاوەڕوانیش دەکرێت سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.

ئەم سەردانەی کارتەر بۆ بەغدا دوای سەردانەکەیەتی بۆ تورکیا کە دوێنێ سێشەممە لەوێ داوای لە ئەنکەرە کرد زیاتر بە هێزی ئاسمانی و زەمینی پشـتیوانی لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا بکات. هەروەها داوای لە تورکیا کرد باشتر سنووری خۆی لەگەڵ سوریا کۆنترۆڵ بکات و ڕێگە بە بازرگانی نایاسایی و هاتووچۆی شەڕکەرانی بیانی لەو سنوورەوە نەدات.

پاشان پـێشوازی لەو هاوپەیمانێتیـیە 34 وڵاتە کرد کە دووشەممە عەرەبستانی سعودیـیە ڕایگەیاند بۆ شەڕی دژە تێرۆرزم.

XS
SM
MD
LG