Accessibility links

جێگری سەرۆکی ئەمەریکا سەردانی عێراق دەکات

  • VOA News

جۆ بایدن جێگری سەرۆکی ئەمەریکا ئەمڕۆ پـێنجشەممە گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق بە مەبەستی وتووێژکردن لەگەڵ کاربەدەسـتانی باڵای عێراق سەبارەت بە چەند بابەتێـکی گرنگ لەوانە شەڕی داعش و قەیرانی سیاسی وڵاتەکە.

ئۆفیسی جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بەیانـنامەیەکی لەم بارەیەوە بڵاوکردەوە و تیایدا نووسیویەتی جۆ بایدن لەگەڵ ڕێبەرانی عێراق کۆدەبێتەوە تاوەکو هانیان بدات بۆ یەکگرتوویی نیشـتیمانی و داوایان لێبکات کۆتایی بە ناکۆکیـیە سیاسیـیەکانی خۆیان بهێنن.

ئۆفیسی عەبادیش ڕایگەیاند سەرۆک وەزیر لە ئۆفیسەکەی خۆی پێشـوازی لە جێگری سەرۆکی ئەمەریکا کرد و پاشان وتووێژیان کرد سەبارەت بە بەهێزکردنی پەیوەندیـیەکانی نێوان هەردوو وڵات لە هەموو بوارەکاندا و هەروەها لە بارەی ڕەوشی ئاسایشی و ئابوری عێراق و هەوڵەکانی چاکسازی و شەڕی دژی داعش و کۆنگرەی حەوت وڵاتی مەزنی پـیشەسازی کە بڕیارە لە ژاپـۆن بەڕێوەبچێت و تیایدا پاڵپشـتی پـێشکەش بە عێراق بکەن.

ئۆفیسی سەلیم جبوری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش بەیانـنامەیەکی بڵاوکردەوە، دەڵێت جبوری و جۆ بایدن کۆبوونەتەوە و وتووێژیان کردووە سەبارەت بە دوا پـێشهاتە سیاسی و ئاسایشیـیەکان لە عێراق و ناوچەکەدا.

جێی ئاماژەیە ماوەی چەند هەفتەیەکە قەیرانی سیاسی ئەو وڵاتەی گرتووەتەوە لە ئەنجامی ناکۆکی نێوان پەرلەمانتاران لەسەر ئەو چاکسازیـیانەی حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر بە نیازە جێبەجێـیان بکات، لەوانە پـێکهێنانی حکومەتێـکی تەکنۆکرات کە دوربێت لە دابەشکردنی حزبیـیەوە.

لەوەتای سـاڵی 2011 کە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق کشاونەتەوە ئەمە یەکەم جارە جۆ بایدن سەردانی ئەم و‌ڵاتە بکات. بەڵام سێـیەم کاربەدەسـتی باڵای ئەمەریکایە کە لە ماوەی ئەم مانگەدا سەردانی عێراقیان کردبێت. پـێشـتر جۆن کێری وەزیری دەرەوە و ئاشتۆن کارتەر سەردانی بەغدایان کرد.

XS
SM
MD
LG