Accessibility links

فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق لە بارەى هەوڵەکان بۆ لێدانی ڕێبەری داعش دەدوێت


فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق، ئاماژە بەوە دەكات زانیاریان لەبارەى سەركردەكانى دەوروبەرى بەغدادى هەیە و زۆرجار كۆبوونەوەكانیان دەكەنە ئامانج ، بەڵام تا ئێستا نازانن ئەبوبەكر بەغدادى كەسى یەكەمى داعش لە سوریایە یان عێراق.

فەریق ئەنوەر حەمەئەمین، بە دەنگى ئەمەریكاى راگەیاند"ئەگەر بەغدادى لەعێراق بووایە زانیاریمان لەبارەى ئەو جێگەیەوە دەستكەوت كە لێى دەمێنێتەوە و لەرێگەى فرۆكەوە لێمان دەدا."

وەكو فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق ، ئاماژەى بۆ كرد لەرێگەى فرۆكەوە چاودێرى سنورى نێوان عێراق و سوریا دەكەن و بەردەوام هێزى سەربازى داعش لەنێوان هەردوو وڵات دا جم و جۆڵى پێدەكرێت.

بەپێى وتەى فەریق ئەنوەر حەمەئەمین ، تواناى ئاسمانى عێراق سنوردارە و سنورى نێوان عێراق و سوریاش كەلەژێر كۆنترۆڵى داعشدایە زۆر فراوانە، بۆیە ناتوانن بەردەوام چاودێرى جم و جۆڵى داعش بكەن.

فەرماندەى هێزە ئاسمانیەكانى عێراق ، روونیشیكردەوە عێراق كێشەى هێزى زەمینى هەیە بۆ گرتنەوەى موسڵ ، بەتایبەت ئەو سنورەى لەژێر كۆنترۆڵى داعشدایە فراوانە و شكستەكەى موسڵیش كاریگەرى لەسەر ورەى سوپاى عێراق هەبووە، وتى"دواى كۆنترۆڵكردنى ئەنبار ورەى سوپاى عێراق بەرز بووەتەوە ، هەرچەندە قەیرانى دارایش كاریگەرى لەسەر شەرى موسڵ هەیە، بەڵام لەم بەهارەدا شەرى گرتنەوەى موسڵ دەست پێدەكات."

هەرچەندە سوپاى عێراق سەنتەرى پارێزگاكانى ئەنبار و سەڵاحەدین ى لەبن دەستى داعش دەرهێناوە، بەڵام تا ئێستا هێزەكانى سەربە داعش لەبەشێك لەناوچەكانى ئەو دووپارێزگایە جم و جۆڵ و چالاكیان هەیە و ، لەئێستادا عێراق ئامادەكارى بۆ شەرى موسڵ دەكات.

XS
SM
MD
LG