سەرچاوەکانی ئاسایشی عێراق دەڵێن عەمبارێـکی تەقەمەنی لە بەغدای پایتەخت تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە چەندان ڕۆکێت و خومپارە دەرچوون و کەوتوون بەسەر گەڕەکەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی شارەکە و لە ئاکامدا بە لایەنی کەم 4 کەس کوژراون و 16 کەسی دیکە برینداربوون.
ئەحمەد ئەلئەسەدی گوتەبێژی حەشدی شەعبی بۆ ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پـرێسی ڕاگەیاند تەقینەوەکە ئەمڕۆ هەینی لە عەمباری چەکی بنکەیەکیان بووە کە لە ناوچەی ئەلعوبێدی ڕۆژهەڵاتی بەغدایە.
بەڵام کاربەدەستێـکی وەزارەتی ناوخۆ گوتویەتی ڕوون نیـیە ئایا ڕۆکێتەکان لە ئاکامی ئاگری نێو عەمبارەکە دەرچوون یان لە دەرەوەی بنکەکە هەڵدراون.
بەپـێی ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز سەرچاوەیەکی پـۆلیس گوتویەتی لە هەشت ناوچە زیانی مادی بە ماڵ و فرۆشگای خەڵکی کەوتووە و چەندان ئۆتۆمبیل سووتاون و هەروەها ئاگربەربووە لە ئاشێـکی دانەوێڵە و هێشتا لە پاش دوو کاژمێر لە تەقینەوەکان نەتوانراوە ئاگرەکەی بکوژێنرێتەوە.
جێی ئاماژەیە ئەم تەقینەوانە لە کاتێـکدایە کە دەیان هەزار کەسی شیعە لە سەرانسەری عێراق و وڵاتانی دەوروبەر بەرەو مەزاری کازمیـیەی بەغدا بەڕێدەکەون بۆ بەشداریکردن لە مەراسیمەکانی تایبەت بە ساڵیادی مەرگی محەمەد ئەلجەواد، نۆیەمین ئیمامی شیعەکان.